دوامۆڵەت دیاریکرا؛ تاوەکو 1ی ئاب زانیارییەکانت نوێ نەکەیتەوە پسوولەی خۆراکت نامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 33 ملیۆن هاووڵاتیی عێراق و هاونیشتمانیی باشووری کوردستان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پسوولەی خۆراکەوە زانیارییەکانیان نوێ کردوونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک زانیارییەکانی لە ئەپلیکەیشنەکە تۆمار نەکات، بێبەش دەبێت لە مادەکانی نێو پسوولەی خۆراک.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2025 محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ی رووداو بوو، لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پسوولەی خۆراک کرد.
'33 ملیۆن هاووڵاتیی زانیارییەکانیان نوێ کردوونەتەوە'
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "زیاتر لە 33 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، داتا و زانیارییەکانیان لە چوارچێوەی کارتی خۆراکی ئەلیکترۆنی نوێ کردوونەتەوە."
محەممەد حەنوون گوتیشی، "لە ماوەی مانگێکدا 60%ی هاووڵاتییان لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە مامەڵەکانیان ئەنجامداوە و زانیارییەکانیان نوێ کردوونەتەوە. ئەمەش دەستکەوتێکی زۆر گرنگە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "کارەکان زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچن. هاووڵاتییان زۆر هاوئاهەنگن بۆ بابەتی سڕینەوەی کەسی کۆچکردوو و راستکردنەوەی زانیارییە هەڵەکان."
وەزارەتی بازرگانی بۆ چارەسەرکردنی هەر جۆرە کێشەیەکی هاووڵاتییان، لە سەرجەم پارێزگاکاندا ناوەندێکی چارەسەرکردنی کێشەی داناوە.
حەنوون گوتی، "سەرباری ئەمەش، تیمی گەڕۆکمان هەیە کە دەچنە هەر ماڵێک بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک، بەتایبەتی بۆ بەساڵاچووان و نەخۆشەکان. هەر هاووڵاتییەک پەیوەندیی تەلەفۆنی بە ناوەندەکەوە بکات، تیمی گەڕۆک دەچێتە ئەو ناونیشانەی بۆی دیاری دەکرێت."
ئامانجی بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک
وەکو گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، "ئامانجی سەرەکیی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولە و کارتی خۆراک، خێرا راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییانە؛ هەروەها نوێکردنەوەی داتا و زانیاریی تایبەتە بە هاووڵاتییان."
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم پرۆسەیە کۆتایی بە ناوە دووبارەکان، پێشێلکارییە جیاوازەکان، دۆخی خێزانی، کۆچی دوایی دەهێنێت و تۆمارێکی پاک بە زانیاریی نوێ دەخاتە بەردەستی وەزارەت و حکومەت. کارتی نیشتمانی کارئاسانییەکی یەکجار زۆر گەورەی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کردووە."
گوتەبێژەکە باسی لەوەش کرد، "لە مانگی 12ی پارەوە داوامان لە هاووڵاتییان کردەوە دەست بە نوێکردنەوەی زانیارییەکانیان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکەوە بکەن. وەزارەتەکەمان بڕیاریدا، مانگێکی دیکە درێژە بە پرۆسەی پڕکردنەوە و نوێکردنەوەی زانیارییەکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە بکات. بەمەش وادەی کۆتایی نوێکردنەوەی زانیارییەکان و بەدیجیتاڵیکردن رۆژی 1ی ئاب دەبێت. دوای ئەم وادەیە هەر هاووڵاتییەک داتا و زانیارییەکانی لە رێگەی ئەم ئەپلیکەیشنە نوێ نەکاتەوە، پسووڵەی خۆراکی نامێنێت. دەبێ بچێتە ناوەندەکانی هاوئاهەنگی لە پارێزگاکان و لەوێ زانیارییەکانی نوێ بکاتەوە، ئەوسا پسووڵەی ئەلیکترۆنی بۆ نوێ دەکرێتەوە."
ئەپلیکەیشنەکە تەنیا لە عێراق کار دەکات
هەر هاووڵاتییەک پەنابەر بێت لە وڵاتێکی دیکە ناتوانێت خۆی لە ئەپلیکەیشنەکە تۆمار بکات و زانیارییەکانی نوێ بکاتەوە، بەڵام هەر کاتێک گەڕایەوە عێراق، ئەپلیکەیشنەکە بۆی کارا دەبێت و دەتوانێت مامەڵەکانی خۆی تەواو بکات.
ئەپلیکەیشنەکە بۆ 41 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تۆمارکراو دانراوە. دوای تەواوکردنی قۆناخی یەکەمی پرۆسەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی، پرسی منداڵە تازە لەدایکبووەکان و ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە یان جیابوونەوەی هاوژینەکان نوێ دەکرێنەوە و بە خانەی تایبەت زیاد دەکرێن.