"بەتۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن سكاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکراوە''


رووداو - هەولێر 

دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی رایدەگەیێنێت: "شاسوار عەبدولواحید وەك هاووڵاتییەكی تۆمەتبار و بەبێ رەچاوكردنی پلە و پۆستە سیاسییەكەی، لەلایەن كۆمەڵێك خاوەنی پشكەكانی چاڤیلاند سكاڵای لەسەر تۆماركراوە".

روونكردنەوەکە لەبارەی فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید ‌و روونكردنەوەیەكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە و تێیدا هاتووە: "جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیێندراوێكدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر دادگا و دەسەڵاتی دادوەری و بە مەبەستی چەواشەكردن و بەلاڕێدابردنی رای گشتی تۆمەتی بێبنەما و ناڕاستی داوەتە پاڵمان".

لە روونكردنەوەكەی دادگای سلێمانی ئەوەش خراوەتەڕوو، دادگاكان بەپێی یاسا بەركارەكان كاردەكەن و دوورن لە هەر كارێكی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسانن.

لەبارەی دۆسیەی فەرمانی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحیدیش جەخت لەوە کراوەتەوە "شاسوار عەبدولواحید كە خاوەنی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری بووە، وەك هاووڵاتیەكی تۆمەتبار و بەبێ رەچاوكردنی پلە و پۆستە سیاسییەكەی، كە لەلایەن كۆمەڵێك لە خاوەن پشكەكانی چاڤیلاندەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە و تۆمەتی فێڵ و هەڵخەڵەتاندن (احتیال)ی دراوەتە پاڵ بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی و كەیسەكەش لەقۆناخی لێكۆڵینەوەدایە".

لە 28-7-2019 لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوە سلێمانی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرچوو، جوڵانەوەی نەوێ‌ نوێ‌ روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و فەرمانی دەستگیركردنی سەرۆكەكەیان بە فشاری سیاسیی ناوزەند کرد.