جەژنی قوربان جوڵەی خستووەتەوە ناو بازاڕی سلێمانی

 
رووداو - سلێمانی

پێنج مانگە هیچکام لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی هێندەی ئەم چەند رۆژەی بەر لە جەژنی قوربان قەرەباڵخ نەبوون، هەرزانبوونی نرخی کەلوپەل و شتوومەک جوڵەیەکی خستووەتە نێو بازاڕەکانەوە.
 
سۆران عەزیز، هاونیشتمانییەکی سلێمانییە و لە نرخی کەلوپەلەکان رازییە، گوتی "ئەمڕۆ هاتمە بازاڕ تاوەکو پێداویستییەکانی جەژن بکڕم، نرخی شتەکان گونجاون، زۆر گران نەبوون، بەهۆی ئەم کۆرۆنا و قەیرانانەوە نرخی زۆربەی شتەکان دابەزیون و زۆرینەی خەڵک دەتوانێت بیکڕێت".
 
لە رۆژانی پێش جەژندا فرۆشیارانی شیرینی و چەرەس بازاڕیان گەرمترە بەراورد بە زۆر فرۆشیاری دیکە و نرخەکانیان دابەزاندووە تاوەکو زیاتر بفرۆشن، جیاوازیی نرخەکان بەجۆرێکن کە لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی کیلۆیەک فستق 16 بۆ 18 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 10 بۆ 12 هەزار دینار.
 
فەرهاد هاشم فرۆشیارە و باسی لەوە کرد "ماوەی پێنج رۆژە بازاڕەکە بوژاوەتەوە و خەڵکی بە شێوەیەکی باش شەو و رۆژ روودەکەنە بازاڕ و پێویستییەکانیان بۆ جەژن دەکڕن، ئێمە ئەم چەند رۆژەی پێش جەژنی قوربان بەراورد بە چەند رۆژی پێش جەژنی رەمەزان و ئەم چەند مانگەی کۆرۆنا، باشترین بازاڕمان هەبووە و زۆرترین فرۆشمان هەبووە، نرخی کاڵاکانیشمان دابەزاندووە بۆئەوەی زۆرترین بفرۆشین. هەروەها بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنەوە کاڵا ئێرانییەکانیش دابەزیوون".
 
قایمقامیەتی سلێمانی 38 لیژنەی بۆ چاودێریکردن ناردووەتە نێو بازاڕەکان و رێگری لە بەرزکردنەوەی نرخەکان دەکەن؛ لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە وەکو ئامادەکاری بۆ رێگرتن لە قۆستنەوەی هاتنی جەژن و ساخکردنەوەی کاڵای خراپ، 100 شوێن و دووکانیان داخستووە.
 
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "لە مانگی تەممووزدا بەهۆی سەرپێچیکردنی رێنماییە تەندروستییەکانەوە 100 شوێن داخراون و 400 شوێنیش پسوڵەی سەرپێچی و ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە، بە بەردەوامییش لیژنەکانمان لە بازاڕن بۆئەوەی چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بکەن".
 
لەگەڵ هاتنی جەژندا نرخی بەشێک لە کەلوپەلەکان هەرزانتر بوون، گۆشتی سوور نزیکەی هەزار دینار دابەزیوە و نرخی چەرەس و شیرینییەکانیش سێ بۆ هەشت هەزار دینار دابەزیون، بەتایبەت خواردن و خواردنەوە ئێرانییەکان، هاوکات بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویش لە نرخی پۆشاک و جلوبەرگەکان نابینرێت.