رووفاتی 100 بارزانی بەخاک دەسپێردرێت


رووداو - هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە رووفاتی 100 هاونیشتمانیی ئەنفالکراوی دەڤەری بارزان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. قایمقامی مێرگەسۆر دەڵێت، رۆژی یەکشەممە رووفاتەکان لە بارزان بەخاکدەسپێردرێن.
 
غەفوور ئەحمەد سوار، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووفاتەکان رۆژی شەممە کاژێر 05:00ی ئێوارە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە رێوڕەسمێکدا پێشوازییان لێدەکرێت و رۆژی یەکشەممە 31ی تەممووز لە مەراسیمێکدا لە بارزان بەخاکدەسپێدرێن".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە رێوڕەسمەکەدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەبن. 
 
تەرمی ئەنفالکراوەکانی بارزانییەکان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانی عەرعەر لە باشووری عێراق بوون.

 

 
رۆژی 31-7-1983، گاردی کۆماریی عێراق لە هەڵمەتێکدا هەشت هەزار بارزانی لە کۆمەڵگە زۆرەملێکانی قوشتەپە، بەحرکە، دیانە و هەریر ئەنفال کرد.
 
دوای ساڵی 2003، رووفاتی 596 بارزانی لە بیابانی عەرعەر دۆزرانەوە و تەرمەکانیان لە دوو کاتی جیاوازدا گەڕێندرانەوە بارزان و لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوان بەخاک سپێردران.
 
ئەنفالی کوردی باشووری کوردستان لە نێوان ساڵانی 1980 و 1988 بەرێوەچوو و تێیدا زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران و نزیکەی 4500 گوند و شارۆچکەش رووخێندران.