کەشناسی: پلەی گەرما دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە دادەبەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە دوو سبەیەوە کە سەرەتای مانگی ئابە، شەپۆلێکی گەرما ناوچەکە دەگرێتەوە و نزیکەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت.

رۆژی یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە دادەبەزێت، هەروەها خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەندە و لە کاژێرێکدا 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە رۆژی سێشەممە، 1ـی ئابەوە كاریگه‌ریی تۆپه‌ڵه‌ هه‌وای گه‌رما له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان چالاک دەبێتەوە و بە قۆناخی جیا پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و تاوەکو نزیک 15ـی ئاب بەردەوام دەبێت.
 
ئەو کەشناسە گوتی، لە شەپۆلی گەرمای مانگی ئابدا پلەی گه‌رما ده‌گاتەوە 50 پله‌ سلیزی، به‌تایبه‌ت لە دەشتی هەولێر، باشووری کەرکووک و گه‌رمیان. گوتیشی، لە سەنتەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش پلەی گەرما لەنێوان 44 بۆ 48 پلەی سیلزی دەبێت و رێژەی شێ لە هەوادا بەرز دەبێت و دەگاتە 16%.
 
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان 45 پلەی سیلزیی دەبێت و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران بە 29 پلەی سیلیزی دەبێت. هاوکات پلەی گەرمای شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان 
بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
 
- هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
- سلێمانی: 40 پلەی سیلیزی
- دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
- کەرکووک: 45 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە: 43 پلەی سیلیزی
- زاخۆ: 43 پلەی سیلیزی
- سۆران: 41 پلەی سیلیزی