نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان: 5 بازرگان بە 25 کیلۆ گرام مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بڵاویکردەوە، لە سێ چالاکیی جیادا پێنج بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە و دەستیانگرتووە بەسەر 25 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری ئەو پێنج بازرگانە.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکان لە چەند رۆژی رابردوودا لە سێ چالاکیدا سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی بڕی 25 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و حەبی کاپتاگۆن. هەروەها بەهۆیانەوە پێنج بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران".
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان چۆنێتی ئەنجامدانی سێ چالاکییەکەیانی بەمشێوەیەی خوارەوە خستووەتەڕوو:
- دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، دوو گەورە بازرگان دەستگیرکران و بڕی 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و یەک کیلۆگرام حەبی کاپتاگۆن دەستیان بەدەسەرداگیرا.
- دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران و دەستیشگیرا بەسەر حەوت کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ.
- بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا و دەستگیرا بەسەر حەوت کیلۆگرام تۆی چای تێکەڵ بە مادەی هۆشبەری مەریجوانا و حەشیش.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوە كردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ تۆمەتبارانی رووداوەکە کردووەتەوە.