شارەوانییەکانی سلێمانی دژی وەرنەگرتنی مووچە بایکۆتی دەوامیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد و هۆکارەکەیان بۆ پێنەدانی مووچە گێڕایەوە. گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت، ئەوان مانگرتنیان رانەگەیاندووە. هاوکات ئەمڕۆ فەرمانبەرانی بانکی خانووبەرەی گەرمیان مانگرتنیان شکاند و گەڕانەوە سەر کارەکانیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی تەممووزی 2023، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی مانگرتنیان لە دەوام راگەیاند و چەند کارمەندێک بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداویان گوت، بە هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتەوە بایکۆتیان کردووە و دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
هاوکات زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فەرمانگەی ئێمە دەوام تێیدا بەردەوامە و مانگرتنمان رانەگەیاندووە؛ بەڕێوەبەری گشتیی ئێستا سەرقاڵی راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانیانە".
رۆژی 26ـی تەممووز، دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، فەرمانبەرانی بانکی خانووبەرەی گەرمیان مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند. مەسعود فەرەج، کارمەند لە بانکی خانووبەرەی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەژێر گوشار"دا کۆتاییان بە مانگرتن هێناوە و ئەمڕۆ مامەڵەی هاووڵاتیان رایی دەکەن.
ناڕەزایی بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 30ـی تەممووزە و هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، کە پێدانی مووچە بەگوێرەی یاسای بودجە کەوتووەتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و تاوەکو ئەمڕۆش حکومەتی عێراق پارەی بۆ مووچە نەناردووە.