ژنێکی تەمەن 131 ساڵ لە رووهای باکووری کوردستان کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
ژنێک لە رووهای باکووری کوردستان لە تەمەنی 131 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
هۆدی گورکان، رۆژی سێشەممە 30ی تەممووزی 2025 لە گەڕەکی بینەکلی کرساڵ لە شارۆچکەی وێرانشاری سەر بە پارێزگاکە گیانی لەدەستدا و لە گۆڕستانێک بەخاک سپێردرا.
گورکان لەدایکبووی 1ی تەممووزی 1894ـە، ساڵی 2017 لەبارەی ژیانی خۆیەوە بە میدیای تورکیای گوت، خاوەنی حەوت منداڵ و 110 نەوەیە.
بە گوتەی خۆی، ساڵی 1969 هاوژینەکەی گیانی لەدەستداوە.
گورکان لەبارەی هۆکاری تەمەن درێژییەکەی گوتی، هەرگیز جگەرەی نەکێشاوە؛ جگە لەوەش، بەردەوام خۆراکی تەندروستی خواردووە.
هۆدی گورکان زمانەکانی کوردی و تورکی نەدەزانی و تەنیا بە عەرەبی قسەی دەکرد.
ساڵی 2020یش ژنێک بەناوی ئەمینە بایتار لە تەمەنی 122 ساڵیدا لە وانی باکووری کوردستان گیانی لەدەستدا.