ئەنجوومەنی وەزیران: لیستی مووچەی حوزەیرانمان ناردووە، نەوتیش رادەستی سۆمۆ دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیرانی رەوانەی بەغدا کردووە و داوا دەکات حکومەتی فیدراڵی مووچەی ئەو مانگە خەرج بکات. هاوکات بڕیاریدا ئەو بڕە نەوتەی ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە، دواتر راگەیێندراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی لەبارەی پۆلێنکردنی داهاتە گشتییەکان و رەوانەکردنی بۆ بەغدا بە شێوەیەکی "شەفافانە" خستەڕوو: "لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە و ئەرکی وەزارەتی دارایی عێراقە کە لە بەرامبەردا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات."
 
لەبارەی دۆسیەی نەوت، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، وردەکاریی بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خستەڕوو. لەو بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، "ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە بەرهەم دێت و ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە."
 
هاوکات بڕیاردرا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە بگرێتە ئەستۆ کە نەوتەکەیان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکانە و لە بەرامبەردا، "دەبێت حکومەتی فیدراڵ مووچەی مانگی حوزەیران و دواتریش مانگی تەممووز خەرج بکات، هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق."
 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: 
 
ئەنجوومەنی وەزیران: لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، رەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و لە بەرامبەردا، دەبێت بەغدا مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات
 
ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، تاوتوێکردنی دوا هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران و تەممووزی 2025 بوو لەبەر رۆشنایی بڕیاری هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و بە دواداچوونی کاری لیژنە هاوبەشەکانی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بە پێی دوا بڕیاری هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم. 
 
سەرەتا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی لەسەر پۆلێنكردنی داهاتە گشتیيەکان لە هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی جۆری داهات و سەرچاوەکەی و بنەمای یاسایی وەرگرتنی خستەڕوو، کە مانگانە بە شێوازێکی روون و شەفافانە، لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، پێشکێشی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە و بە بەردەوامیش لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییشی وردبینی بۆ کراوە.
 
وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە دا کە نوێنەرەکانی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هاوبەشی هەردوولا بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لەم داهاتانە، هاوکار بوون لە سەرخستنی کاری لیژنەکە و پشتبەست بە دەستوور و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و یاسای بودجەی سێ ساڵە، بە وردیی پێشنیاری هەرێمیان لەم بارەیەوە ئامادە کردووە.
 
وەزیری دارایی و ئابووری، روونیکردەوە کە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران، رەوانەی وەزارەتی دارایی فيدراڵ کراوە و ئەرکی وەزارەتی دارایی عێراقە کە لە بەرامبەردا، مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
ئەنجومەنی وەزیران، دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و تيمی دیوانی چاودێریی دارایی و دانوستان لەگەڵ بەغدا کرد بۆ ئەم راپۆرتە شیکارییە سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و هەوڵ و کارکردنیان لەم بارەیەوە. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران ئەو تێڕوانینەی وەزارەتی پەسەندکرد سەبارەت بە پۆلێنکردنی داهاتەکان لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەستووریی و یاساییانەی لە کۆبونەوەکەدا خرانەڕوو. نوێنەرانی هەرێمی کوردستانيشی لە لیژنە هاوبەشەکە لەگەل حکومەتی فیدڕاڵ راسپارد کە گفتوگۆی ئەم تێڕوانینە لەگەڵ هاوتاکانیان لە لیژنەکە بکەن، تاوەکو لە نزیکترین دەرفەتدا، دۆسیەی داهاتی نانەوتی یەکلایی ببێتەوە بە گوێرەی ئەو ڕێکارە هاوبەشەی لە بڕیاری هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵدا هاتووە.
 
پاشان کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەر رۆشنایی دوا بڕیاری هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم خستەڕوو.
 
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیای نەوتی بەرهەمهێنەری ئەو بڕە نەوتە دەگرێتە ئەستۆ کە بە گوێرەی بڕیاری هاوبەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ و هەرێم بۆ مەبەستەکانی بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم، تەرخان کراوە. ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردە و لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکان بەرهەم دەهێنرێت، رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر پابەندبوون بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا و هەر لەم چوارچێوەیەش، دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ مووچەی مانگی حوزەیران و دواتریش مانگی تەممووز خەرج بکات هاوشێوەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، چونکە هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری بووە لە بارەی دۆسیەی نەوت و داهاتی نا نەوتی و حکومەتی هەرێم پشتیوانی سەرخستنی لەیەکگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولایە کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە.