ئاگری تاڵاوەکەی مهاباد دوای 15 کاژێر کۆنترۆڵ کرا

رووداو دیجیتاڵ

ئاگرەکەی تاڵاوی گەرووسی مهاباد کە بە تاڵاوی داشخانەش دەناسرێت، دوای 15 کاژێر لە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژینەوەوە کۆنترۆڵ کرا. فەرمانگەی ژینگەی مهابادیش دەڵێت، بەهۆی ئاگرەکەوە 145 هێکتار قامیشەلان و پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاوە.
 
دوای نیوەڕۆی سێشەممە، 29ی تەمموزی 2025ـەوە ئاگرێکی گەورە لە تاڵاوی گەرووسی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و دوای چەندین کاژێر بەیانیی رۆژی چوارشەممە لەلایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و خەڵکی ناوچەکە کۆنترۆڵ کرا.
 
فارووق سلێمانی، بەڕێوەبەری ژینگەی مهاباد رایگەیاند، ئاگرەکەی تاڵاوی گەروسی مهاباد، بە هەوڵی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بە هاوکاری ژینگەپارێزان و خەڵکی ناوچەکە دوای پێنج کاژێر کۆنترۆڵ کرا.
 
فارووق سلێمانی گوتی، بەهۆی بەهێزی ئاگرەکە، وشکبوونی بەشێکی زۆری تاڵاوەکە و سەختی رێگەی گەیشتنی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە، کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە زۆر زەحمەت بوو.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ژینگەی مهاباد، بەهۆی ئاگرەکەوە 145 هێکتار قامیشەلان و پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاوە. جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر سرووشتی ناوچەکە کەوتووە و ژمارەیەکی زۆری باڵندە و ئاژەڵی کێوی لە ئاگرەکەدا سووتاون.
 
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، بەڕێوەبەری ژینگەی مهاباد روونیکردەوە، تائێستا هۆکارەکەی نازانرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
 
تاڵاوی گەرووس 35 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری مهابادەوە دوورە و رووبەرەکەی زیاتر لە پێنج هەزار هێکتارە.