لێکەوتەی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان رێککەوتنی هەولێر و بەغدای پەکخستووە

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی دووگردکانی مەخموور، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی کەوتووەتە خوارەوە؛ ئەمە تەنیا یەکێکە لەو دەیان هێرشەی لە ماوەی رابردوودا کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و مەترسیی گەورەیان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە.
 
لە کاتێکدا زیاتر لە 22 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق هێشتا راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی هێرشەکانەوە رادەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکردووە.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راپۆرتی ئەو لیژنەیەی سەردانی هەولێریان کرد هێشتا پێشکێش نەکراوە. سەرۆکوەزیران بەگرنگییەوە لەو پرسە دەڕوانێت. بەدڵنیاییەوە پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، سەرۆکوەزیران ناوی ئەو لایەنە ئاشکرا دەکات کە لە پشت هێرشەکانەوەن."
 
هەرچەندە پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکانی نێوخۆی عێراق درێژ دەکرێت، بەڵام هەندێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاماژە بە "لایەنی سێیەم و دەرەکی" دەکەن.
 
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عەسائیب ئەهلی حەق، دەڵێت: "ئەمڕۆ هەندێک لایەنی وڵاتانی دراوسێ هەن دەیانەوێت زیانمان پێ بگەیێنن، بەڵام تۆمەتبارکردنی لایەنەکان بەبێ بەڵگە قبووڵکراو نییە."
 
مەهدی تەقیش، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، جەخت دەکاتەوە کە "لایەنی سێیەم هەیە دەیەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات و هانی ئەمریکا بدات بۆ کاردانەوە. پشتیوان بە خوا، بەم نزیکانە ئەو لایەنە ئاشکرا دەکرێت."
 
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا دێن کە هیوایەکی زۆر لەسەر رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵچنرابوو. هێرشەکان زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج و بوونەتە هۆی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 50 بۆ 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
ئەم دۆخە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی کوردستانەوە پەکخستووە. بەغدا بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتەوە ئامادە نییە مووچە بنێرێت، هەولێریش لە ئێستادا توانای دابینکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی نییە. لەم نێوەندەدا، وەک هەمیشە، خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە قوربانیی سەرەکی.