وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەکردنی ئاژەڵ لە تورکیا قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تەبەق لە تورکیا، هاوردەکردنی ئاژەڵ لەو وڵاتە قەدەخە کرا.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پێشتر هۆشداریی دابوو لە گواستنەوەی نەخۆشیی تەبەق لە رێگەی ئاژەڵە هاوردەکراوەکانەوە لە تورکیا و داواکارییەکی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردبوو کە هاوردەکردن بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخۆشیی تەبەق لەنێو ئاژەڵانی تورکیا بڵاوبووەتەوە، پێویستە هەنگاوی پێویست بگیرێتەبەر بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان، بۆیە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە تورکیا قەدەخە کرا".
بە گوتەی فیراس سدیق، هەموو جۆرە ئاژەڵێک مەڕ و بزن، تەنانەت ئاژەڵی گەورەش وەک مانگا، لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرا. گوتیشی، "تاوەکو تورکیا دەیسەلمێنێت کە نەخۆشییەکە کۆنترۆڵ کراوە، قەدەخەکردنەکە بەردەوام دەبێت".
سەبارەت بە شێوازی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دۆخی ئاساییدا، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ گوتی، "ئەو ئاژەڵەی هاوردە دەکرێت، دەبێت پێش گواستنەوەی بۆ ماوەی 21 رۆژ کەرەنتین بکرێت؛ کاتێکیش دەگەیەنرێتە هەرێمی کوردستان، دەبێت راپۆرتی تەندروستیی لەگەڵدا بێت و لێرەش بۆ ماوەی 3 رۆژ کەرەنتین دەکرێتەوە، تاوەکو دڵنیا دەبینەوە کە هیچ نەخۆشییەکی نییە".
تەبەق نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، لەنێوان ئاژەڵاندا خێرا بڵاودەبێتەوە، بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە. دوو شوێنی سەرەکیی ئاژەڵەکە تووشی ئەم پەتایە دەبن؛ نێودەمی، کە لیکێکی زۆر بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دواتر دەبێتە بڵقی گەورە و ئازاربەخش، ئەمەش وای لێدەکات نەتوانێت بلەوەڕێتەوە، هەروەها تووشی شەلەل دەبێت و ناتوانێت بەڕێدا بڕوات.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەم ساڵ زیاتر لە 7000 سەر ئاژەڵ تووشی تەبەق بوون و زیاتر لە 500 سەریشیان مرداربوون.