ئەمریکا مێرمنداڵێکی لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە گەڕاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مێرمنداڵێکی لە کەمپێکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە گەڕاندووەتەوە و بە خێزانەکەی شادی کردوەتەوە؛ داواشی لە وڵاتان کرد هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگەڕێننەوە.
رۆژی سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو مێرمنداڵێکی ئەمریکییان لە یەکێک لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ وڵاتەکەیان گەڕاندەوە و بە خێزانەکەی شادیان کردەوە.
لەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا جەخت لەسەر هەوڵەکانی واشنتن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی کراوەتەوە و داواشی لە وڵاتانی دیکە کردووە هەمان هەنگاو بنێن و هاووڵاتییەکانیان لەو کامپانەوە وەربگرنەوە.
بەگوێرەی راگەێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس کە خەڵکی زیاتر لە 70 وڵاتن لە دوو کەمپدان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە زۆرینەیان منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو کەسانە دەڵێت: "شایەنی دەرفەتێکن بۆ ژیان لە دەرەوەی کەمپەکان"؛ جەختیشی کردەوە کە تاکە چارەسەر بۆ قەیرانی کەمپی ئاوارەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەوەیە کە وڵاتەکان هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.
ئەو دوو کەمپەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسیان دەکات بریتین لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.