کەشناسی: پلەی گەرما نزمتر دەبێتەوە و لە چەند شوێنێک باران دەبارێت


رووداو دیجیتاڵ

لە دوێنێ سێشەممەوە پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان دابەزیوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و لە چەند ناوچەیەکیش پێشبینیی بارانبارین دەکرێت. کەشناسێک دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە سنووری سۆران، چۆمان و مێرگەسۆر باران ببارێت.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئابی 2023، ئاسمان پەڵەهەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە ناوچەکانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و دەوروبەریان ئەگەری باران هەیە؛ پێشبینی دەکرێت لە هەندێک شوێن نمەباران ببارێت و لە هەندێک شوێنیش دەکرێت هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێت، بەتایبەت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارە".
 
ئاراس جەبار ئەماژەی بەوەکرد، بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ جگە لە دهۆک کە پلەی گەرمای جێگیر دەبێت، لە هەموو پارێزگاکان پلەی گەرما پلەیەک نزمتر دەبێت.
 
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لە رۆژی پێنجشەممەوە پلەی گەرما بەرز بێتەوە؛ گوتیشی، "رۆژەکانی هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما بەراورد بەم رۆژانە بەرزتر دەبێت، بەڵام شەوان بەرەو نزمبوونەوەی بەردەوام دەڕوات".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ چوارشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 36 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 36  پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 39 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 38 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 27 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 36  پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 42 پلەی سیلیزی