پارێزگاری دیالە بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین دووردەخاتەوە و مەڵبەندی یەکێتیش دەڵێت دەمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دیالە بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە. لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت، بابەتەکە هەڵچوونێک بووە و چارەسەرکراوە و سەرۆکی شارەوانی لە پۆستەکەی ماوەتەوە.
بەپێی دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، موسەننا تەمیمی، پارێزگای دیالە، رۆژی 28ـی ئاب کە لەگەڵ قایمقامی قەزای خانەقین و بەرپرسانی دیکەی قەزاکە کە بەڕێوەبەری شارەوانیشیان لەگەڵدا بوو، سەردانی خاڵی سنووریی مونزرییەیان کردووە کە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ بەسەرکردنەوەی هاتنی زیارەتکاران، بەهۆی کەمتەرخەمی لە بەڕێوەچوونی کارەکانەوە، پارێزگاری موسەننا لە غەسان شوکر مستەفا، بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین تووڕە دەبێت و لەوێ بڕیاری گۆڕینی دەدات و دووری دەخاتەوە.
بەپێی دیمەنەکان، پارێزگاری دیالە دەستبەجێ بە تەلەفۆن پەیوەندی دەکات و داوادەکات بەپەلە فەرمانی گۆڕینی بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین دەربچێت.
شێرکۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی 30ـی ئابی 2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین کوردە، ئێمە ئێستا لە چلەی ئیمام حوسێنین، گوشارێکی زۆر لەسەر دام و دەزگاکانی پارێزگای دیالە هەیە لەوانەش خانەقین، بۆ پێشوازی لەو میوانانە و سەتان هەزار میوان بەڕێوەیە بۆ زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن".
لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی گوتی، "موسەننا تەمیمی، پارێزگاری دیالە وەکو بەرپرسی پارێزگاکە ئەرکێکی زۆری لەسەرشانە، دەیەوێت خزمەتێکی باشی ئەو میوانانە بکرێت، چووەتە دەروازەی سنووریی مونزرییە، ئامادەکارییەکانی وەکو پێویست نەبینیوە، لەوێ هەڵچوونێک روویداوە، دواتر چارەسەرمان کرد و بەڕێوەبەری شارەوانیی خانەقین لە شوێنی خۆیەتی".
لیوا سەعد مەعن، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئێوارەی رۆژی 29ـی ئابی 2023 رایگەیاند، "تائێستا زیاتر لە دوو ملیۆن زیارەتکار لە دەروازەی سنووری وشکانی و فڕۆکەخانەوە هاتوونەتەوە نێو عێراق. پلانی تایبەت بە زیارەتکاران بەشێوەیەکی زۆر باش بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنی بەڕێوەدەچێت".
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رۆژی 28ـی ئابی 2023، رایگەیاند، تائێستا نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار ئێرانی بۆ بەشداریی لە چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراقیان کردووە، بەڵام هەمان رۆژ عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق گوتی، زیاتر لە ملیۆنێک زیارەتکار لە دەروازەکانی وشکانی و ئاسمانی هاتوونەتە عێراق و پێشبینی زیاتری ژمارەکە دەکەن بەراورد بە ساڵانی رابردوو.