منداڵێک لە باڵەخانەیەکی مهاباد کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵی خەڵکی مهابادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەکاتی یاریکردندا لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکەوە کەوتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بوو.
رووداوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە روویداوە.
رەزا عەقیلیفەر، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شاری مهاباد لەوبارەوە رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پشکنینی سەرەتاییان بۆ دۆخی تەندروستیی منداڵەکە کردووە.
بەگوتەی رەزا عەقیلیفەر، دوای پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە تەندروستیی منداڵەکە ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شارەکە.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شارەکە گوتیشی، سەرەڕای هەوڵی تیمەکانی پزیشکی، منداڵە تەمەن حەوت ساڵانەکە بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
هەر رۆژی پێنجشەممە، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و تێیدا منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ لە نهۆمی پێنجەمی باڵەخانەیەکەوە دەکەوێتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو منداڵە خەڵکی شاری تەورێزە و بەگوتەی فریاکەوتنی خێرای شارەکە، ئێستا تەندروستی جێگیرە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.