لە پێنج مانگدا هەناردەی دەروازەی سنووریی پەروێزخان 496 ملیۆن دۆلار بووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی دەروازەی سنووریی پەروێزخانی کرماشان دەڵێت، لە پێنج مانگی رابردوودا بایی 496 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە رێگەی دەروازەکەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
ئەمڕۆ هەینی، 30-08-2024، رەزا قوربانی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی دەروازەی سنووریی پەروێزخانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە تاوەکو 21-08-2024، یەک ملیۆن و 50 هەزار تۆن کەلوپەل لە رێگەی دەروازەکەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە کە بایی 496 ملیۆن دۆلار بووە.
رەزا قوربانی گوتی، ئەو کاڵایانەی لە دەروازە سنوورییەکەوە هەناردە کراون بریتی بوون لە میوە و سەوزە، کەرەستەی ئاسن، بەرد، کاشی، سرامیک و کەلوپەلی بیناسازی.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی دەروازەی سنووریی پەروێزخان، لەو ماوەیەدا رۆژانە 600 بۆ 700 بارهەڵگریش کاڵا ترانزێت کراوە بۆ وڵاتانی ئیمارات، هیندستان و بەندەرەکانی باشووری ئێران کە بەهاکەیان گەیشتووەتەوە یەک ملیار و 356 ملیۆن دۆلار.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سیانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شووشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەویش دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کرماشان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.