تەرمی ئەو پیاوەی کەرکووک دۆزرایەوە کە هەوڵی دا نەوەکانی لە خنکان رزگار بکات
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو پیاوە بەساڵاچووە دۆزرایەوە کە دوێنێ ئێوارە لە رووبارێکی نزیک قەزای دوبزی پارێزگای کەرکووک هەوڵی رزگارکردنی کوڕێکی و دوو نەوەی دا. قایمقامی دوبز دەڵێت، "پیاوە بەتەمەنەکە گیانی لەدەستدا، بەڵام کوڕەکەی و دوو نەوەکەی رزگارکران."
سەرهەد فاتیح، ئەندامی تیمی مەلەوانیی دوبز، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ و دوای گەڕانێکی زۆری تیمەکانی فریاکەوتن و مەلەوانی، تەرمی ئەو پیاوە لەنێو رووبارەکەدا دۆزرایەوە."
تەرمەکە بۆ رێکارە یاساییەکان رادەستی پۆلیس کراوە.
عادل محەممەد، قایمقامی قەزای دوبز، بە رووداوی گوت، "خێزانێکی عەرەب لە گەڕەکی دۆمیزی کەرکووک بۆ سەیران و گەشت هاتنە ناوچەکە؛ باوکێک و کوڕ و کچێکی کەوتنە نێو ئاوی رووبارەکەوە."
قایمقامی دوبز گوتی، "باپیرەی منداڵەکان کە تەمەنی 65 ساڵ بوو، بە پەلە خۆی فڕێ دایە نێو ئاوەکە بۆ ئەوەی رزگاریان بکات. باوک و دوو منداڵەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە رزگارکران، بەڵام پیاوە بەتەمەنەکە خۆی خنکا."
رووداوەکە لە شوێنێک روویداوە کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە بەنداوی نمرە هەشتەوە دوورە و دەکەوێتە نزیک گۆڕستانی دوبز کە بە گوتەی قایمقام، "شوێنێکی قووڵ و مەترسیدارە بۆ مەلەکردن."