ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهوور جەنگی: ئەوانەی دانپێدانانیان بڵاوکرایەوە پەیوەندییان بە بەرەی گەلەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت، دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی رێڕەوی یاسایی خۆی تێنەپەڕاندووە و نایاساییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی تەندروستیی لاهوور باشە و دووبارە لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە.
رۆژی شەممە، 30-08-2025، ئەحمەد خەسرەو، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، دوایین زانیارییەکانی لەبارەی دۆسیەکەی لاهوور شێخ جەنگی خستەڕوو.
ئەحمەد خەسرەو رایگەیاند: ''دوایین زانیاری ئەوەیە خۆی پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کردووە و گوتوویەتی 'دۆخم باشە'، بەڵام وەک تیمی پارێزەران تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە چاوپێکەوتنمان لەگەڵی هەبێ.''
ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی هۆکاری چاوپێنەکەوتنیان لەگەڵی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ''ئەو شوێنەی کاک لاهووریان لێ راگرتووە، پێیان راگەیاندووین ناکرێ لە ئێستادا هیچ کەسێک ببینێت.''
بەگوتەی ئەحمەد خەسرەو، بۆ ئەوەی بەشێوەی یاسایی دۆسیەکەی بگرنە دەست، هێشتا رێگە نەدراوە پەنجەمۆر لە لاهوور شێخ جەنگی وەربگرن و گوتی: ''ئەوان قبووڵ ناکەن بابەتەکە رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر.''
شەوی 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی و برایەکی بە ناوی پۆڵاد دەستگیرکران.
ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی گوتی: ''لەڕووی یاساییەوە ناکرێ کەسێک 8 یان 9 رۆژ لە زیندان بێت، بەڵام پارێزەرەکەی نەبینێت، بەڵکو لە یەکەم کاژێرەوە مافی ئەوەی هەیە پەیوەندی بە پارێزەرەکەیەوە بکات.''
''ئەوانەی دانپێدانیان بڵاوکراوەتەوە پەیوەندییان بە بەرەی گەلەوە نییە''
چوارشەممەی رابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) دانپێدانانی "چەند دەستگیرکراوێکی لالەزار"ی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکەن، بە سەرپەرشتیی لاهوور شێخ جەنگی پلانی تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە.
ئەحمەد خەسرەو لەبارەی دانپێدانانەکەوە دەڵێت: ''جێگەی پێکەنین و گاڵتەپێکردنە. کاک بافڵ لەگەڵ رێزم هەموو ئێواران لای فەرمانی لەفە بوو، ئەگەر ویستبایان، دەیانتوانی هەر لە شەقام تیرۆری بکەن، ئەی ئەو سیناریۆیەی بۆ چییە.''
ئەحمەد خوسرەو گوتیشی، بۆ کەسێک دەتوانرێ پشت بە دانپێدانانی تۆمارکراو ببەسترێ کە پەیوەندی بە بابەتەکەوە هەبێ، ''بەڵام چوار کەسیان هێناوەتە سەر شاشە کە هیچمان نایانناسین، هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرەی گەل و هێزی دووپشکەوە نییە. لەوانەیە پارەیان درابێتێ [بۆ ئەم دانپێدانانە]؛ نازانین.''
''دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی یاسایی نەبووە''
ئەحمەد خەسرەو ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی یاسا ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی کراوە هەمووی پووچەڵە و دەستگیرکردنەکەی رێڕەوی یاسایی خۆی تێپەڕ نەکردووە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ''سەرەتا دەبێ تۆمەتبار ئاگادار بکرێتەوە، ئەگەر جاری یەکەم نەچووە دادگە، جاری دووەمیش نووسراوی ئاگادارکردنەوەی بۆ دەنێردرێ، ئەگەر دووبارە نەچوو، سێیەم جار دەبێتە فەرمانی دەستگیرکردن و دەتوانن ئەو کات هێزی ئەمنی بنێرن و دەستگیری بکەن.''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، بۆ دەستگیرکردنی لاهوور ئەو رێڕەوە یاساییە تێپەڕنەکراوە و گوتی: ''ئەو هێزەی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەچێ، دەبێ هێزێکی تایبەتی سەر بە دادگە بێت، نەوەک بە شێوەیەکی دوور لە یاسا، چوار یان پێنج جۆر هێز بنێردرێتە سەری.''
بافڵ تاڵەبانی چەند جارێک باسی لەوە کردووە کە دادگەکانی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نین. ئەحمەد خەسرەو گوتی: ''ئەم قسانەی خۆی، باشترین بەڵگەن. هەر بەو شێوەیەی ئەوان لە رێگەی ڤیدیۆوە (دانپێدانانەکە) دەڵێن لاهوور شێخ جەنگی ویستوویەتی تاوانێک بکات، ئێمەش دەتوانین بڵێین بەڵگە بە ڤیدیۆ هەیە کە خۆت دەڵێیت دادگەکان سەربەخۆ نین و بۆ دۆسیەکان رێڕەوی یاسایی ناگرنەبەر.''
هەندێک لە میدیاکان ئەو کەسانەی لە لالەزار دەستگیرکران بە ''میلیشیا و گرووپی لەیاسا دەرچوو'' ناو دەبەن. ئەو پارێزەرە گوتی: ''کاک لاهوور خۆی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و ئەو دەستەیەی کە لەگەڵی بوون، بێگومان زۆربەیان کارمەندی ئەنجوومەنی ئاسایشن، بەڵام کاتێک ئەو رووداوە روویدا، لەوانەیە کەسانێکیش وەک خۆبەخش بۆ بەرگریکردن [لە لاهوور] هاتبن.''
ئەحمەد خەسرەو باسی لە هێزی دووپشک کرد کە ئەندامانی لە لالەزاردا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیر کران و گوتی: ''ئەوانە هەموویان کارمەندی حکومەتن و بە شێوەیەکی یاسایی لەوێ دەوامیان کردووە، بۆیە ئەو لایەنانەی دەستگیری کردوون، پێچەوانەی یاسا جووڵاوەتەوە.''
''داوامان کردووە دۆسیەکەی کاک لاهوور بنێردرێتە بەغدا''
بەگوتەی ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، داوایەکیان لە دادگەی فیدراڵی پێشکێشکردووە بۆ ئەوەی دۆسیەکەی لاهوور بگوێزرێتەوە بەغدا، ''چونکە ئەمە بەپێی یاسا رێگەپێداروە.''
ئەحمەد خەسرەو رایگەیاند، دادگەی فیدراڵی لە عێراق بەرزترین دەسەڵاتی هەیە و هەر بڕیارێکی دەربچێت، ناتوانرێ تانەی لێبدرێ، ''بۆیە توانای ئەوەی هەیە بڕیارێک دەربکات بۆ گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ بەغدا یان شارێکی دیکە.''
لەبارەی دۆخی تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگییەوە ئاماژەی دا: ''تەندروستی باشە، پێویستی بە هیچ شتێک نییە و [خۆی دەڵێ] لە زینداندا بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.''
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لاهوور شێخ جەنگی و چەند داواکراوێکی دیکە بەگوێرەی مادەی 406 بووە لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست.
پێشتر حاکم سەلاح حەسەن، گوتەبێژی دادگەی سلێمانیش بە رووداوی گوتبوو، فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک.