ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی هەمیشەیی گەلان لە حەسەکە: داعش پلانی بۆ هێرشکردنە سەر زیندانەکان دانابوو


رووداو دیجیتاڵ

راگەیێندراوی کۆتایی ئۆپەراسیۆنی (ئاسایشی هەمیشەیی گەلان) لە حەسەکە بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، لە چوارچێوەی "شەڕی بەردەوامی دژی داعش"، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بەناوی "ئاسایشی هەمیشەیی گەلان"، لە ژمارەیەک گەڕەکی شاری حەسەکە دەستپێکردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە کە ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئابی 2025، بڵاوکراوەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک حەشارگەی شانەکانی داعش و "چەندین" تۆڕی رێکخراوەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوی ئۆپەراسیۆنی (ئاسایشی هەمیشەیی گەلان) ئاماژە بەوە کراوە، "ئۆپەراسیۆنەکە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش لە سووریا، کە سوودیان لە بۆشایی ئەمنی لە ناوچە بیابانی و دەشتاییەکانی وڵاتەکە وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی شانەکانی رێکخراوەکە کۆنترۆڵی راستەقینەی ئەو ناوچانە بکەن و هەوڵبدەن بەرەو ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بجووڵێن، بەتایبەتی بەهۆی بوونی ئەو زیندان و کەمپانەی کە چەکدارانی تێدایە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە وەکو هەنگاوێکی پێشوەختە بووە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە و پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئەو زیندانانەی کە چەکدار و سەرکردەکانی رێکخراوەکەی تێدایە، بەتایبەتی لە حەسەکە: "زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستبوو کە داعش هەوڵی داوە حەسەکە بکاتە ناوەندێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی، بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی نزیک زیندانی پیشەسازی، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە ئەو هەوڵانەی پووچەڵکردووەتەوە"
 
ئۆپەراسیۆنەکە 14 کاژێری خایاندووە و زیاتر لە سێ هەزار شەڕڤان بەشدارییان تێدا کردووە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، "51 داواکراو دەستگیرکران، کە هەندێکیان لە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و ناوەندە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکاندا بەشداربوون، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕی مەترسیداری داعش، لەنێویاندا ئەو تۆڕانەی پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر زیندانی پیشەسازی و کەمپی هۆل دادەڕشت."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئۆپەراسیۆنی (ئاسایشی هەمیشەیی گەلان)، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر حەشارگەیەکی چەک و تەقەمەنی و پێداویستیی لۆجیستیی شانەکانی داعشدا گیراوە، کە پێکهاتبوون لە 50 کڵاشینکۆف، 155 مەخزەنی کڵاشینکۆف، 16 دەمانچە، 16 مەخزەنی دەمانچە، 1 چەکی بی کەی سی، 5 نارنجۆکی دەستی، 3 ئامێری بێتەل، 3 چەکی بڕنەو، بڕێک فیشەکی کڵاشینکۆف و جانتا و جلوبەرگی سەربازی.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.