مەزڵووم عەبدی: هێشتا مەترسیی شەڕ هەیە و ئێمەش ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، ''سووریا ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوو و تەنیا چارەسەر بۆ ئاڵۆزییەکانی وڵاتەکە، هەبوونی حکومەتێکی نا ناوەندییە." ئاماژە بەوەش دەکات، ''هێشتا مەترسیی شەڕ هەیە و ئێمەش بۆی ئامادەین.''
رۆژی شەممە، 30-08-2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێوەی ئۆنلاین لە کۆنفرانسی گەنجانی کورد دا کە لە ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و کۆمەڵێک مژاری تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریای خستە بەر باس.
مەزڵووم عەبدی باسی رێککەوتنی 10ـی ئاداری ئەم ساڵی خۆی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کرد و رایگەیاند، ''دەتوانین بڵێین گفتوگۆیەکی باش و گونجاو بوو بۆ گەلەکەمان. ئێستاش بە هاوکاریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەدرێت.''
فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێیوایە پڕۆسەی جێبەجێکردنی رێککەوتنە بە سستی بەڕێوەدەچێت، ''هەندێک هەنگاوی کردەیی نراون، بەڵام هەنگاوی بنەڕەتی نا. هەوڵ دەدەین لەم پڕۆسەیەشدا سەرکەوتوو بین و هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێشەوە.''
10ـی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی، رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئاگربەست و تێکەڵکردنی هەسەدەی لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دا لەخۆدەگرت، بە سوپای نیشتمانی و ئیدارە مەدەنییەکانەوە، هەروەها دڵنیاییدان لە مافەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە دەمانەوێت سەرجەم دامەزراوە سەربازی، ئیداری و سیاییەکانمان، بە شێوەیەکی کاریگەر لە سووریای نوێدا جێبگرن''.
مەزڵووم عەبدی ''نا ناوەندیبوون''ـی دەسەڵاتی سووریا لە دیمەشق بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، ''دوای شەڕی نێوخۆیی و نەمانی سیستمی ناوەندی، سووریا جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوو. پێویستە سیستمێکی نوێی نا ناوەندی هەبێت کە هەموو پێکهاتەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە.''
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە، ''جیا لە سیستمی نا ناوەندی، هیچ چارەسەرێکی دیکە بۆ سووریا بوونی نییە.''
12ـی ئاب، وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، دوو گرووپی شەڕڤانی سەر هەسەدە چوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا لە ناوچەی تل ماعز لە رۆژهەڵاتی حەلەب و ئەوەش بووەتەهۆی دروستبوونی شەڕ و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژراوە. دواتر هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رەتیان کردەوە هیچ شەڕڤانێک سنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریایان بەزانبێت.
مەزڵووم عەبدی گوتی، ''هێشتا مەترسیی شەڕ هەیە و ئێمەش بۆی ئامادەین، بەڵام هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە کە لە رێگەی دیالۆگ و سیاسەتکردنەوە بتوانین ئەم دۆخە بە سەرکەوتوویی تێپەڕینین.''