وردەکاریی هێرشکردنە سەر ماڵی لیوا حەمە رێگر و عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک لە چەمچەماڵ
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی کوڕە داوێ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بە سێ تی ئێن تی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ماڵی لیوا حەمە رێگر، فەرماندەی فەرماندەیی کەرکووکی هێزەکانی هەشتای پێشمەرگە تەقێنرایەوە. پێش ئەو رووداوەش ماڵی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەکە بە "درۆن" هێرشی کرایەسەر، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان نەبوو.
تەقینەوەکەی ماڵی لیوا حەمە رێگر درەنگانی شەوی رابردوو [ پێنجشەممە 29-9-2022 ] روویداوە و لەو کاتەدا هیچ کەسێک لەنێو ماڵەکەدا نەبووە و، هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.
ئیبراهیم ئەحمەد، خەڵکی گوندی کوڕە داوێ بە رووداوی راگەیاند: "چوار تی ئێن تی دانرابوو، یەکێکیان نەتەقیوەتەوە و سیانیان تەقیوەتەوە... بەیانی زوو هێزە ئەمنییەکان هاتن و ئەوەی نەتەقیبووییەوە پووچەڵیان کردەوە و بردیان."
خوشکەزای لیوا حەمە رێگر ماڵەکەی نزیکە لە شوێنی رووداوەکە و دەڵێ، لەبەرئەوەی ناوچەکە ئارامە و جێی گومان نەبووە، ئامادەکارییان نەبووە بۆ پێشگرتن لە روودانی تەقینەوەی لەم جۆرە.
هاوکار دلێر، خوشکەزای لیوا حەمە رێگر بە رووداوی گوت "ئێمە لە حەوشە دانیشتبووین، گوێمان لە دەنگێکی بەهێزبوو، بینیمان دووکەڵ بەرزبووەوە و پەیوەندیمان بە هێزە ئەمنییەکانەوە کرد و گەیشتنە ئێرە. دیارنییە دەستی کێی لەپشتە و پێشتریش هیچ هەڕەشەیەک نەکراوە، ئەم گوندە خەڵکی سڤیلی تێدایە، ئەمە یەکەمجارە شتی وا روو دەدات."
گوندی کوڕە داوێ دەکەوێتە نێوان قەزای چەمچەماڵ و سەنگاو، زیاتر لە 15 ماڵ نیشتەجێی گوندەکەن و سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین.
لە دوو شەودا دووجار هێرشکراوەتە سەر ماڵی بەرپرسانی سەر بە پارتی دیموکراتیی کوردستان لە قەزای چەمچەماڵ.
بەر لەتەقاندنەوەی ماڵی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، لە سنووری چەمچەماڵ درەنگانی شەوی چوارشەممە ماڵی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک کە بەرپرسێکی پارتییە لەناوچەکە لەڕێگەی درۆنەوە مووشەکێکیان ئاڕاستەکراو تەنیا زیانی ماددی هەبوو.