لە سلێمانی کۆنگرەی بزووتنەوە بەڕێوەدەچێت؛ رکابەری تووند لەنێوان دوو باڵەکەدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە بەشداریی هەردوو باڵی بزووتنەوەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. ئەندامێکی کۆنگرەکە دەڵێت، کامیلی حاجی عەلی و عیرفان عەبدولعەزیز خۆیان بۆ رابەری گشتی بەربژێر دەکەن.
دوای زیاتر لە ساڵێک و 7 مانگ لە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان کەسایەتییەکانی حیزبەکەدا لەسەر پۆستی رابەری گشتی، ئەمڕۆ شەممە 30ـی ئەیلوولی 2023 کۆنگرەی حیزبەکە بە بەشداریی لایەنە ناکۆکەکان لە شاری سلێمانی دەبەسترێت.
دوای کۆنگرەی پێشوو کە 5ـی شوباتی 2022 بەڕێوەچوو، ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی. لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکو رابەر ناساند. ئەمڕۆ شەممە، محەممەد بازیانی، سەرکردە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و گوتەبێژی حیزبەکە لە باڵی کامیلی حاجی عەلی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام کۆنگرە دەبەستین".
کۆنگرەکە لە هۆڵی پێشمەرگە دەبێت لە شاری سلێمانی. محەممەد بازیانی گوتی، کامیلی حاجی عەلی و عیرفان عەبدولعەزیز خۆیان بۆ رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەربژێر دەکەن و کۆنگرە بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە دەدات.
رکابەریی نێوان دوو سەرکردەکەی بزووتنەوە تووندە
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە کامیل حاجی عەلی دوێنێ هەینی بڵاویکردووەتەوە، ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاندووە، کۆنگرەی 12ی بزووتنەوە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بە تەواوی ئەنجامەکانی رەتکراوەتەوە و کۆمیسیۆنەکەش 30ـی ئەیلوولی بۆ بەستنی کۆنگرە دیاریکردووە و خۆشیان کاروبارەکانی کۆنگرەکە بەڕێوەدەبەن و سەرپەرشتی دەکەن.
لە راگەیێندراوەکە کە کامیلی حاجی عەلی لەژێر ناوی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەدا بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، "پێشوازی لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن دەکەین و ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ بەشداری لە کۆنگرە و جێبەجێکردنی یاساکانیان، بەڵام داوای بەردەوامیی ئێمە ئەوە بووە بە پێی پەیڕەوی نێوخۆی بزووتنەوە بێت و مادەکانی پێشل نەکرێن. ئەوەی لە ئێستادا هەمووان رەزامەندبوون بە بەستنەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتن و راستگۆیی لە پەیامەکانی ئێمە دەردەخات، بە پێچەوانەی هەندێک بەڕێز کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کۆنگرەکەمان [کۆنگرەی پێشوو] هیچ گرفتێکی نییە".
لە بەرامبەر ئەو راگەیێندراوەدا، میدیای عیرفان عەبدولعەزیز بەناوی ئەوەوە راگەیێندراوێکی کورتیان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە، "وەڵامی هیچ جۆرە چەواشەکارییەکی نائیسلامیانە نادەینەوە، چونکە ئیسلام فێری کردووین رێز و رەوشت بەشێکە لە ئیمان. رابەری گشتی سبەی لە هۆڵی کۆنگرەیە و پشتیوان بە خودا بزووتنەوەی سبەینێ وەک بزووتنەوەی ئەمڕۆ و دوێنی بە سەری بەرزەوە دێتەوە مەیدان و ئاڵای شەکاوەی بە بەرزی دەمێنێتەوە".
24ـی ئەیلوول، کامیل حاجی عەلی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی عیرفان عەلی عبدالعزیزی کرد رایگەیاند، "من و تۆ کەوتوینەتە بەر پرسیار و لۆمەی خەڵکی، بۆیە بەندە لەلای خۆمەوە رایدەگەیێنم؛ لەپێناو خودا و وەفامان بۆ خوێنی ئاڵی شەهیدانمان و حورمەتی بنەماڵە سەربەرزەکانیان و خەمخۆری و دڵسۆزیی پێشمەرگە و خەڵکە ماندووەکەمان، داوای مامۆستایانی ئایینیی بەڕێز و تەواوی ئیسلامخوازانی کوردستان دەست لە پۆستی رابەری [گشتی بزووتنەوە] هەڵدەگرم بەو مەرجەی جەنابیشتان هەمان بەرپرسیارێتی دونیایی و قیامەتی هەڵگرن".
لەبارەی پەیامەکەی کامیل حاجی عەلییەوە، عیرفانی عەبدولعەزیز هیچ وەڵامێکی نەبوو. هەر لەبارەی پەیامەکەوە، محەممەد بازیانی گوتی، "جێبەجێ نەبووە؛ هەردووکیان خۆیان بۆ رابەری گشتی بەربژێر دەکەن لە کۆنگرەدا".
دووبارەبوونەوەی کۆنگرەی 12
رۆژی 5ـی شوباتی 2022، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە شاری هەولێر و لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا کۆنگرەی بەست، ئەنجامی کۆنگرەکە لەلایەن عیرفان عەبدولعەزیزەوە بە پەسند دانرا و باڵی کامیل حاجی عەلی رەتیکردەوە.
دوای کۆنگرەکە باڵی کامیلی حاجی عەلی گوتیان، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵام باڵەکەی دیکە گوتیان کۆمیسیۆن پەسندی کردووە.
لە کۆنگرەکەی 5ـی شوباتدا تەنیا کامیلی حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی بەربژێر کرد. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە و تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا. دواتر هەرچەندە عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە رایانسپارد جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرێتەوە ئەستۆ، ئەوەش بووە سەرەتا و کۆتایی هۆکاری کێشەکانی نێوان دووباڵەکە، کە باڵی کامیل حاجی عەلی بە دژی پەیڕەو پێناسەیان کرد و باڵەکەی دیکە پێچەوانەکەی.
بزووتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی 1987 لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدار بوو لە باشووری کوردستان، بەڵام ئێستا دەستبەرداری چەک بووە.
حیزبەکە تاوەکو ئێستا چەند جارێک جیابوونەوەی تێکەوتووە، لەوانەش جیابوونەوەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ساڵی 2000 بە سەرۆکایەتیی عەلی باپیر.