دوو باڵەکەی بزووتنەوە نەیانتوانی کۆنگرە تەواو بکەن و بەهۆی ناکۆکییەوە دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
کامیلی حاجی عەلی و لایەنگرەکانی، لەگەڵ عیرفانی مەلا عەلی و لایەنگرەکانی، لەسەر داوای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانی کۆنگرەی "دامەزراندن"یان بەست، ئەوەش بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی رابەری حیزب و هەڵبژاردنەوەی ئەنجوومەنی شوورا.
لایەنگرانی باڵەکەی کامیلی حاجی عەلی دەڵێن، فێڵیان لێکراوە و ژمارەیەک کەس بە نایاسایی بۆ لیستی ئەندامانی کۆنگرە لە بەرژەوەندیی باڵەکەی عیرفانی مەلا عەلی زیادکراون، بۆیە بایکۆتی هۆڵەکەیان کرد و چوونە دەرەوە، بەهۆیەوە کۆنگرە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
د. محەممەد بازیانی، گوتەبێژی باڵی کامیلی حاجی عەلی بە رووداوی گوت، "ناوی خەڵکی ئێمە زۆریان دەرکردووە و کۆمەڵێک ناوی دیکە زیادکراوە و خراوەتە شوێنیان، ئەوە بە قسەی ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی پارت و لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان".
لایەنی عیرفان مەلا عەلی عەبدولعەزیز کە میراتگری رابەرایەتیی بزووتنەوەن، دەڵێن، ئەو ناوانەی زیادکراوە کۆمیسیۆن کردوویەتی و نەهاتنە نێو کێبڕکێی کۆنگرە، ترسە لە دەرنەچوون.
سەعد عەبدوڵڵا، گوتەبێژی کۆنگرەی بزووتنەوە لە باڵی عیرفان مەلا عەلی بە رووداوی گوت: "زیادکردنی ئەو ناوانە بە نایاسایی ئەنجام نەدراوە، هەموو ئەو ناوانە 60 بۆ 70 کەسن کە خۆیان لە بزووتنەوە پۆستی باڵایان هەبووە و بە یاسایی کراوە".
لە کۆمیسیۆن ناوی دوو هەزار و 352 کەس تۆمارکراوە وەکو ئەندامی کۆنگرە و دەبێت لەنێو هۆڵەکە هەزار 176 کەس ئامادەبن بۆ دەنگدان، بەڵام هیچ کام لە دوو باڵەکەی بزووتنەوە نەیانتوانی ئەو رێژەیە بە تەنیا لە لایەنگرانی خۆیان ئامادە بکەن.