بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی چالاکییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە هەرێمی کوردستان راگرت
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەهۆی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بە کارەکانی هێنا، بڕیارێکی دیکەی هەمان دادگە کاری هەموو ئەنجوومەنی پارێزگاکانی لە هەرێمی کوردستان راگرت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەگوێرەی یاسا کاری پارێزگارەکان بەردەوام دەبێت.
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق یاسایەکی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری پێناسەکرد و بووە هۆی بەنادەستووری ناساندنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: هەموو کۆبوونەوەکانمان راگرت
رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە تەواوی کۆبوونەوەکانمان راگرتووە؛ نە کۆبوونەوەی گشتی دەکرێت و نەکۆبوونەوەی لیژنەکان".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ وردەکاریی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە هەرێمی کوردستان نەدراوە. گوتیشی، "کاروبارەکانی ئێمە راگیراون. دوای پەرلەمان ئێمەش ناتوانین چاودێریی کاروبارەکانی حکومەتە خۆجێیەکان و حکومەت بەگشتی بکەین".
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق کاروبارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیشی راگرتووە. ئیسماعیل عەلی پێنجوێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تەواوی کۆبوونەوەی گشتی و لیژنەکان راگیراون؛ تەنانەت سەردانەکانیشمان وەکو ئەنجوومەنی پارێزگا بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە راگرتوون".
هاوشێوەی دوو پارێزگاکەی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە دهۆکیش هەموو چالاکییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا وەستاوە. عیماد شکور سەعید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە تەواوی کۆبوونەوە و چالاکییەکانی ئەنجوومەنمان وەستاون؛ چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، لەبارەی چۆنێتیی پابەندبوون بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە".
هەرچەندە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ساڵی 2014، لە هەڵەبجە هەوڵدرا بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی رێگەی نەدا و پارێزگاکە نەبووە خاوەنی ئەنجوومەنی پارێزگا.
"کاری پارێزگارەکان بەردەوام دەبێت تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو"
لەبارەی چارەنووسی پارێزگارەکان، ئیسماعیل پێنجوێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ـی پەرلەمانی کوردستان، پارێزگارەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
هەروەها ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ناڕوونە، ئەگەر بەشێوەیەک بێت بڕیارەکانی رابردوو بە نایاسایی پێناسە بکات، هەموو ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەر بڕیار و رێنوێنییەکان لەدوای حوزەیرانی 2018ـەوە دەرکردبێت هەڵدەوەشێنەوە".
بەگوێرەی مادەی 21 لە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی پەرلەمانی کوردستان، پارێزگار و هەردوو جێگرەکەی بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانە دوای تەواوبوونی ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا تاوەکو ئەوکاتەی ئەنجوومەنێکی نوێ لەدوای ئەوان کەسانی دیکە هەڵدەبژێرن.
9 ساڵە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکراوە
لە 30ـی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، 23ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاساییان خوارد کە بۆ ماوەی چوار ساڵ وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا کاربکەن.
دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە، بەڵام ناکۆکیی سیاسی رێگەی نەدا هەڵبژاردن لەو کاتەدا بکرێت و پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2019 بە یاسایەک ماوەی کارکردنی درێژکردنەوە.
لە دانیشتنی دادگەی فیدراڵیدا یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم درا. یاساکەش هەمواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و بە دوو بڕگە هەمواری کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت: ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان و ئەوی دیکەش دەڵێت پارێزگار لە دەرەوە و ناوەوەی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت کە پێشتر تەنیا لە ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرا.
بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر سکاڵایەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى ئەو جووڵانەوەیە لە پەرلەمانى عێراق درا.
یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019 کە هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و لە کۆبوونەوەیەکی 8ـی تەممووزی 2019ـی پەرلەمانی کوردستاندا هەموارکراوەتەوە، لە مادەی دووەمی یاساکەدا هاتووە، "بەدەر لە حوکمی بڕگەی (دووەم) لە مادەی 14ـی یاساکە، ئەم خولەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پیادەکردنی تایبەتمەندییەکانیان لەکاتی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایین تاوەکو هەڵبژاردنی خولێکی نوێی ئەنجوومەن بەردەوام دەبن".
پێش ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەمان دادگە کارەکانی پەرلەمانی کوردستانی راگرت
هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەمان هۆکاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو. پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و وەستانی کاروباری پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 2ـی تەمموزی 2023، مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهات".