گوتەبێژی یەکگرتوو: کاراکردنەوەی پەرلەمان مژدە نییە، بەڵام پێشوازیی لێدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت، کاراکردنەوەی پەرلەمان "مژدە" نییە و بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن، هاوکات پێشوازی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات.
د. سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ساڵێکە پەرلەمان لەکارخراوە و 100 پەرلەمانتار بێ ئیش کراوە، ئەوە لە هەموو بوارێکدا زیانە بۆ هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی یەکگرتوو گوتیشی، فراکسیۆنەکەیان دەیان جار داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانیان کردووە، بەڵام بێ سوود بووە.
یەکگرتوو پێیوایە کاتی کاراکردنەوەی پەرلەمان بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن، چونکە بەپێی قسەکانی گوتەبێژەکەی، "بانگەشەی هەڵبژاردن نزیکە و دەستپێدەکات، ئەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە."
سەرەڕای ئەم سەرنجانە، یەکگرتوو بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات، بەڵام گوتەبێژەکەیان دەڵێت، بەشداری لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناکەن، چونکە ئۆپۆزیسیۆنن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، د. سەڵاحەدین بابەکر پێشبینی دەکات یەکگرتوو دەنگ و کورسییەکانی زیاد بکات، بەتایبەتی لە هەولێر کە لە خولی رابردوودا نوێنەریان نەبوو، بەڵام ئەمجارە هەوڵدەدەن نوێنەری خۆیان سەرخەن.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 21 ملیۆن و 700 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و نۆ کورسییان کۆتان. رۆژێک پێشتر، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.