گوندێکی سەقز لە نزیک بەنداوێکە بەڵام دانیشتووانەکەی بێ ئاون

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی میرەدێی سەر بە شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای دابینکردنی ئاویان بۆ گوندەکەیان کرد، کە بەهۆی دروستکردنی بەنداوی چراغ وەیسەوە زیانی بەرکەوتووە.
 
محەممەد وەتەن خا، ئەندامی ئەنجوومەنی گوندی میرەدێی سەقز رایگەیاند: "زۆرمان پێخۆشە و زۆریش رازین ئەو ئاوە بگوازرێتەوە بۆ بانە و خەڵک بە کاری بهێنێت، بەڵام لە پەنا ئەوەش ئێمە کە زیان بەرکەوتووی دەستی بەنداوی چراغ وەیسین، ئێمەش داوای مافی خۆمان کردووە و داوای ئاو دەکەین بۆ گوندەکەمان."
 
گوندی میرەدێ، سەرەڕای نزیکبوونی لە بەنداوی چراغ وەیس، بەڵام کێشەی کەمئاوی تووند رووبەڕووی بووەتەوە. دانیشتووانی گوندەکە جەخت دەکەنەوە کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ گواستنەوەی ئاوی بەنداوەکە بۆ شاری بانە نییە، بەڵام پێویستە ئاو بۆ گوندەکەی ئەوانیش دابین بکرێت.
 
عەبدوڵڵا یەکێکە لە دانیشتووانی گوندی میرەدێ و دەڵێت: "داواکاریمان ئەوەیە لەسەر ئەو ئاوە زۆرەی کە هەیە، ئاومان پێ بدەن بۆ ناو گوندی میرەدێ، بێ ئاوین. رێگری لە کەسیش ناکەین ئاو دەچێت بۆ بانە، پیرۆزیان بێت. هەر داوامان لە حکومەت ئەوەیە ئاومان بۆ دابین بکەن."
 
لە کاتی دروستکردنی بەنداوی چراغ وەیس، چەند ماڵێک لە گوندەکە کەوتنە سنووری بەنداوەکەوە، بەڵام خاوەنەکانیان دەڵێن، تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
ئەسمەعە عەنایەتی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندەکە، ئاماژەی بەوەدا: "ئێستا 70 ماڵی میرەدێ خراپ کراوە. ئێمە ئاژەڵدارین و ماوەیەکی دیکە کە باران ببارێت، ئالیکی ئاژەڵەکانمان لە بەر باران دەمێنێتەوە. خانووی خۆمان زیاتر لە هەزار مەتر چوارگۆشە بووە، ئێستا تەنیا 150 مەتر زەوییان پێداوین، نازانین چۆن جێگەی ئاژەڵەکانمان بکەینەوە."
 
بڕیارە بەهۆی کێشەی کەمئاوی لە شاری بانە، ئاوی بەنداوی چراغ وەیس لە سەقزەوە بۆ بانە بگوازرێتەوە.
 
ئەم ساڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی کەمئاوی بوونەتەوە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئێران، زیاتر لە 27 هەزار گوند لە سەرانسەری وڵاتدا کێشەی کەمئاویان هەیە.