لە کەمپێکی دهۆک کۆمەڵێک کچ دەف لێدەدەن و گۆرانیی رەسەنی کوردی دەڵێنەوە

 
رووداو - دهۆک

لە کەمپی خانکێ کە تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال، 14 کچە کوردی ئێزدی گرووپێکی هونەرییان بۆ لێدانی دەف و گوتنەوەی گۆرانیی رەسەنی کوردی دروستکردووە. 
 
ره‌نا سلێمان، راهێنەری گرووپەکەیە و دەڵێت، "قوربانیی کارەساتی شنگال زۆرینەیان کچ بوون. ئێمە دەمانەوێت خەڵک ببینێت کە کچانی ئێزدی تەنیا قوربانیی کارەساتەکان نیین. با خەڵک ببینن کە ئێمە چۆن دەتوانین خۆمان بەڕێوەببەین."
 
گرووپەکە ساڵێکە پێکهاتووە و لەلایەن ژمارەیەک هونەرمەندی شارەزاوە راهێنانیان پێکراوە. گرووپی "ئاشتی" تاوەکو ئێستا چەندین چالاکیی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سازداوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە بۆ ماوەیەک بەشێک لە چالاکییەکانیان راگرت.
 
مه‌یان خه‌لات، گۆرانیبێژە و دەڵێت، "دوای ئەوەی بیستم گرووپێک لە کەمپەکەدا بۆ پاراستنی کوتووری ئێزدی هەیە، حەزم کرد بێمە ناوی. ئێستا لەگەڵیاندا گۆرانی دەڵێم."
 
غه‌زال داود، ئەندامێکی دیکەی گرووپەکەیە و دەڵێت، "بەر لەوەی پێمە گرووپەکەوە شارەزاییمان کەم بوو. دوای هاتنمان زیاتر خەڵکمان ناسی و زیاتر فێر بووین."
 
گرووپەکە هەفتەی دوو رۆژ پرۆڤە دەکەن، هەندێک کچی نوێ خۆیان فێر دەکەن و ئەوانەیشی فێرن شارەزاییان باشتر دەکەن.