ئاسایشی بەردەڕەش: کارمەندەکەی ئاسایش لەلایەن هاوژین و براکەیەوە کوژراوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە ئاسایشی بەردەڕەشی وەرگرتوون، ئەرکان خەیرەدین، ئەو کارمەندەی ئاسایشی بەردەڕەش، کە ئێوارەی شەممە تەرمەکەی لە ماڵەکەی دۆزرایەوە، لەلایەن هاوژین و براکەیەوە[برای ئەرکان] کوژراوە. گوتەبێژی پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت، "برا و ژنی پیاوەکە پێشوەختە پلانی کوشتنی ئەرکانیان داناوە."
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 28-10-2023 تەرمی پیاوێک بە ناوی ئەرکان خەیرەدین، تەمەن 35 ساڵ، کە کارمەندی ئاسایشی بەردەڕەش بووە لەنێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023 راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ بڵاویکردەوە، دوو کەس لەسەر ئەو تاوانە دەستگیرکراون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش وەریگرتوون، ئەو کارمەندەی ئاسایش لەلایەن "هاوژینەکەی و برا بچووکەکەیەوە کوژراوە، کە لەدایکبووی 1994ـە."
 
رووداو زانیویەتی ژن و براکەی، ئەرکان خەیرەدینیان لە نێو ماڵەکەی خۆی بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بە چەقۆ کوشتووە و ئێستا هەردووکیان بەو تۆمەتە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. خ. خ) و (هـ. ر. ق)ـە و دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و بەگوێرەی مادەی 406 بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی قەزای بەردەڕەش راگیراون.
 
هەر ئەمڕۆ، هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەرکان خەیرەدین لە نێو ماڵی خۆیدا بە چەقۆ کوژراوە دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا بکوژ ئاشکرا کرا و دەرکەوت رووداوەکە پێشوەختە لە لایەن هاوژین و براکەی پلانی بۆ دانراوە."
 
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، "پلانەکە بەشێوەیەک دانراوە کە شەوەکەی ژنەکە ماڵەکە بەجێبهێڵێت و دواتر براکەی بێت و ئەو تاوانە دڕندەیە بکات. ئێستا هەردوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. تۆمەتبار قوتابی زانکۆیە و ژنەکەش ژنی ماڵەوەیە."
 
رۆژی یەکشەممە، ئاسایشی ئاکرێ  رایگەیاند: "کاژێر 2:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی شەممە تەرمی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لە نێو ماڵی خۆیدا دۆزراوەتەوە، کە بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکراوە."