زەوی لە سێبیران دابەش دەکرێت و دواتر لە بنەسڵاوە، کەسنەزان و دارەتوو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ زیاتر لە هەزار پارچە زەوی لە سنووری سێبیران دابەشی سەر فەرمانبەرانی سنوورەکە دەکرێت.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی زەوی لە سنووری بنەسڵاوە، کەسنەزان و دارەتوو دەستپێدەکات".
تاوەکو ئێستا لە هەولێر، سێ جار زەوی دابەشکراوە، جارێک چوار هەزار پارچە، جارێک 14 هەزار پارچە و دوایین جاریش 28-10-2025 لە هەمان سنوور 7500 پارچە زەوی دابەشکرا.
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە، کە بڕیاریان دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکراوە و دابەشکردنیش بەردەوامە.