هۆشیار زێباری: بەرهەم ساڵحمان بۆ پۆستێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بەربژێر کردووە
رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت کە عێراق و هەرێمی کوردستان، دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقییان بۆ وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) بەربژێر کردووە.
هۆشیار زێباری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس زانیاری لەبارەی بەربژێربوونی دکتۆر بەرهەم بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، بە پشتیوانیی تەواوی ئێمە، بەربژێری عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)".
هۆشیار زێباری جەختی لەوە کردەوە کە دکتۆر بەرهەم ساڵح "خاوەنی هەموو مەرج و توانایەکی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئاژانسە گرنگە مرۆییە"، کە رۆڵێکی سەرەکی لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارە و پەنابەراندا دەگێڕێت لەسەر ئاستی جیهان.
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە درێژەی پەیامەکەیدا داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پشتیوانی لە دکتۆر بەرهەم بکەن و دەنگی پێبدەن.
پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە پۆستە هەرە باڵا و کاریگەرەکان لەنێو رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەو کەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت، بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافی نزیکەی 123 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە سەرانسەری جیهاندا.
دکتۆر بەرهەم ساڵح، بەهۆی ئەزموونی سیاسیی درێژخایەنی وەکو سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، شارەزاییەکی زۆری لەگەڵ قەیرانە مرۆییەکان و دۆسیەی ئاوارە و پەنابەراندا هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی وەکو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە چەقی ئەم قەیرانانە دادەنرێت.