وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن یاریی رۆبلۆکسی قەدەخە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی فەرمانێکی وەزاری، کە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەرچووە، سەرجەم کۆمپانیاکانی مۆڵەتپێدراوی بواری گەیاندن لە هەرێمی کوردستان پابەند کراون بە قەدەخەکردنی یاریی رۆبڵۆکس لەنێو پاکێجی ئینتەرنێتی خێزانی.
 
فەرمانە وەزارییەکە رۆژی پێنجشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025 دەرچووە و گشتاندنی بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی مۆڵەتپێدراوی بواری گەیاندنی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بۆ کراوە.
 
زیادکردنی یاریی رۆبلۆکس بۆ لیستی بەرنامە و ماڵپەڕە سانسۆڕکراوەکان لەکاتێکدایە کە 31ـی ئابی 2025، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە رێگەی پاکێجی خێزانییەوە هەموو سایتە نەشیاوەکان و گرتە ڤیدیۆییە تووندوتیژییەکانی لە هەرێمی کوردستان سانسۆر کرد.
 
فەرمانەکە بە واژۆی ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاراستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
 
یاریی رۆبڵۆکس لەلایەن رۆبڵۆکس کۆرپەرەیشن دروستکراوە. یارییەکە لە ویندۆس، ئای ئۆ ئێس، ئەندرۆیس. ئێکس بۆکس و پلەی ستەیشن بەردەستە.
 
ئەو یارییە بۆ یەکەمجار ساڵی 2006 کارا کرا. زۆربەی ئەوانەی یاریی رۆبڵۆکس دەکەن، تەمەنیان خوار 16 ساڵە.
 
19ـی تشرینی یەکەمی 2025 وەزارەتی گەیاندنی عێراقیش قەدەخەکردنی یارییەکەی راگەیاند.