فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد؛ 'پێشبینی هاتنی زیاتر لە 300 هەزار میوان دەکەین'
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد. ئامادەکارێکی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، لە 650 دووکاندا، هەنار و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکان و کاری دەستیی خراوەتەڕوو. پێشبینیش دەکات 300 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن.
ئەم ساڵ 11ـەیەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت. ئەم خولەی فێستیڤاڵ هاوشێوەی پار لە پارك و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ و ئامادەکارییەکان لەلایەن لیژنەیەکی باڵای چوار کەسییەوە سەرپەرشتی کراون.
ئەرسەلان عابد، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 650 دووکان لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو، کە بەشی یەکەم، هەنار و ئەو میوە خۆماڵییانەیە ئێستا بەردەستن، بەشی دووەم کاری دەستیی خانمانە و بەشی سێیەم خواردنی کوردەوارییە.
ئەرسەلان عابد گوتی: "250 دووکان تایبەتن بە فرۆشتنی هەنار، بەرهەمە پاییزییەکانی دیکە."
لە فێستیڤاڵەکەدا شیرەمەنی، هەنگوین و خۆراکە وشکەکان دەفرۆشرێن و مەرج ئەوەیە هەموویان خۆماڵی بن.
بەهۆی فیستیڤاڵەکەوە ئەمڕۆ لە هەڵەبجە کراوەتە پشووی فەرمیی، بڕیارە سبەی و دووسبەی بەردەوام بێت.
ساڵانی رابردوو بۆ فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە گلەیی ئەوە دەکرا شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆ بۆ فێستیڤاڵەکە ئاستەنگی بۆ خەڵک دروستکردووە. ئەرسەلان عابد گوتی، لایەنی پەیوەندیدار لە ئامادەکاری بەردەوامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئاستەنگییەکان.