شارەوانیی سلێمانی: بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دینار سێ پرۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ سێ پرۆژەی ستراتیژییان بە بەهای زیاتر لە 20 ملیار دینار جێبەجێ کردووە و کاریگەریی بەرچاویان لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی شەقامەکان دەبێت. گوتەبێژی شارەوانی دەڵێت، "لە ماوەی پێنج مانگدا نزیکەی 450 هەزار مەتر دووجا شەقام و کۆڵان قیر کراون."
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارکردن لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی شار بەردەوامە و ئەم ساڵ چەند پرۆژەیەکی گرنگ خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
"سێ پرۆژەی ستراتیژیی 20 ملیار دیناری"
سەبارەت بە پرۆژە گەورەکان، زەردەشت رەفیق گوتی: "ئەم ساڵ سێ پرۆژەی ستراتیژیمان جێبەجێ کردوون کە بەهاکەیان زیاتر لە 20 ملیار دینارە و لە بەرامبەر پێدانی زەوی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە کراون."
ئەو پرۆژانەی زەردەشت رەفیق باسیان دەکات بریتین لە: ئەندەرپاسی والی، کە بە گوژمەی نزیکەی 6 ملیار دینار تەواوکراوە و کراوەتەوە. یەکتربڕی تۆفیق وەهبی، کە بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار دینار لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و هەوڵدەدرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواو بکرێت. شەقامی 30 مەتریی چوارچرا کە جووتسایدێکە بە درێژیی 7 کیلۆمەتر و لە قۆناخی کۆتاییدایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە.
"بەشێکی شەقامی 100 مەتری دەکرێتەوە"
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بە کارکردن لە شەقامی 100 مەتری (شاڕێی بابان) کرد و رایگەیاند: "پرۆژەکە قۆناخی زۆرباشی بڕیوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو بەشەی تەواو بووە، لە تاسڵوجەوە تاوەکو نزیک تانجەڕۆ، بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە."
زەردەشت ڕەفیق باسی لە نۆژەنکردنەوەی شەقام و گەڕەکەکان کرد و گوتی: "ساڵانە دوای وەرزی بارانبارین، تیمەکانمان دەست بە چاککردنەوە و قیرکردنی شەقامەکان دەکەن. لەسەر داهاتی شارەوانی، لە مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 450 هەزار مەتر دووجا کاری قیرکردنمان کردووە."
هاوکات ئاماژەی بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە نوێیەکانی دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود کرد و گوتی: "لە گەڕەکەکانی وەک قولەڕەیسی، راپەڕین و قڕگە کاری تۆڕی ئاوەڕۆ کراوە. لە گەڕەکی کانی قەرەتۆغانیش کاری ئاو و ئاوەڕۆ تەواو بووە و ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی قیرتاوکردنین."
"قۆناخی سێیەمی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەیە"
سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند: "پێشتر دوو قۆناخمان جێبەجێ کردووە و ئێستاش کار بۆ قۆناخی سێیەم دەکەین. بەگوێرەی ماستەرپلانی سلێمانی، زەوی لە سێ ناوچەی سۆتکە، تاسڵوجە و لاوان (نزیک تانجەڕۆ) بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە."