ئاگر لە دارستانی زەڕانگوشی ئیلام کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری بەدرە دەڵێت، ئاگر لە دارستانی زەڕانگوش کەوتووتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، سەعید شابازی، قایمقامی شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن چەند کەسێکی هەلپەرست ئاگر لە دارستانی زەڕانگوش بەردراوە و ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە."
سەعید شابازی گوتی: "ئاگرەکە لەو ناوچەیە کەوتووتەوە کە بە ناوچەی پارێزراو دادەنرێت."
سەعید شابازی ئاماژەی بەوەدا، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگاکە لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە ئامادەن و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن.
بەگوتەی قایمقامی بەدرە، قەبارەی ئاگرەکە گەورەیە و بەهۆی چڕیی دارستان و لەوەڕگەکە بەرزایی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی ئەستەم کردووە.
بەپێی دوایین ئامار، کە بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلام بڵاوی کردووتەوە لە 21-03-2025ـەوە 70 جار ئاگر لە دارستان و پووش و پاوانی پارێزگاکە کەوتووەتەوە، کە بەشێکیان بە دەستی ئەنقەست بوون.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئیلام دەشڵێت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 400 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتاوە کە زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان بووە.
رووبەری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن هێکتارە.
هۆکارە مرۆییەکان هۆکاری بەشی زۆری سووتانی دارستانەکانن، بەڵام هۆکارە سرووشتییەکانیش رۆڵیان هەیە.