نزیکەی مانگێک لە نێو بانگەشەدا؛ لە دهۆک هەزار فلێکس هەڵگیراون
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە و هەفتەیەک ماوە کۆتایی بێ، لەم ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستان هەولێر زۆرترین سەرپێچی تێدا تۆمار کراوە و زیاتر لە 1000 فلێکسیش لە دهۆک هەڵگیراونەتەوە.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، رۆژی هەینی داهاتوو 6-11-2025 بانگەشە کۆتایی دێت، لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان پاش پێنج هەفتە بانگەشە دەچنە نێو رکابەری کۆکردنەوەی دەنگی خەڵك لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، دەنگدانی تایبەت لە 9-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 دەکرێت .
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تێکڕای ئەو بەربژێرانەی بەهۆی سەرپێچی و پێشێلکردنی رێنوێنی و یاساکانی کۆمیسیۆنەوە سزا دراون، گەیشتووەتە 580 بەربژێر.
بەپێی زانیاریی کۆمیسیۆن، لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی پار، سەرپێچییەکانی کەمترن، حیزبەکان ئارام و هێمنتر بانگەشە دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئەم هەفتەیە هیچ سەرپێچییەکی نوێ تۆمار نەکراوە، ئاگادارکردنەوە هەبوو، بەڵام سەرپێچی نا."
لەوەتەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە 3ـی 10ـی 2025 دەستی پێکردووە، 42 سەرپێچی لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراون، 37یان دوای ئاگادارکردنەوە سەرپێچییەکانیان لابردووە و پێنجی دیکەیان بە پێبژاردن سزا دراون.
لە هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
"لە دهۆک زیاتر لە 1000 فلێکس هەڵگیراونەتەوە"
بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، دهۆک کەمترین سەرپێچی و ئاگادارکردنەوەی بانگەشەی تێدا تۆمارکراوە تەنیا هەندێک لە بەربژێران ئاگادارکراونەتەوە و هەندێک فلێکسیش لابراون.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 12 کەس ئاگادارکراونەتەوە، لە دوو رۆژی رابردوودا شارەوانی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن کۆمەڵێک فلێکسی لاداوە، دوای ئەوەی کۆبوونەوەمان کرد بڕیارماندا هەر فلێکسێک شوێنی گونجاو نەبێت هەڵبگیرێت".
بە گوتەی خالید عەباس، دوو سکاڵا لەلایەن حیزبێکەوە لەسەر دوو حیزبی سیاسیی دیکە بە تۆمەتی دڕاندنی فلێکسەکانیان تۆمار کراون.
شێروان حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "14 خاڵی خۆجێی هەن دەبێت هەموو حیزب و بەربژێران پێیەوە پابەند بن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی یاسا دەبنەوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1000 فلێکس هەڵگیراونەتەوە، بەڵام جارێ هیچیان بە پێبژاردن سزانەدراون و رۆژانە تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی سەرپێچییەکان و هەڵگرتنیان".
بەگوێرەی بڕیارەکان، هەر یەک لەو بەربژێرانە بڕی پێبژاردنەکانیان لەلایەن بەغداوە دیاری دەکرێت و لەو سپاردە داراییە دەبڕدرێت کە پێش بانگەشە رادەستی کۆمیسیۆنیان کردووە.
59 بەربژێر لە تەواوی پارێزگای دهۆک هەن و 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە سلێمانی 5 سکاڵا تۆمار کراون
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند: "5 سکاڵا لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار کراون، بەڵام 4یان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگە رەتکراونەتەوە. تەنیا 1 سەرپێچی بە فەرمی تۆمار کراوە، ئەویش هی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووە، سەرپێچییەکەش بۆ بەغدا نێردراوە و سزاش دراوە."
بە گوتەی ئامانج عەزیز، بە گشتی بانگەشەکە بە باشی و هێمنی بەڕێوە چووە.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 136 بەربژێر رکابەری لەسەر بردنەوەی 18 کورسیی پەرلەمان دەکەن، 9 پارتی سیاسی و 4 بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن و زیاتر لە 1,535,000 دەنگدەریش لە پارێزگاکە هەن.
رۆژی سێشەممە رەحمان غەریب، نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ بەرگریکردن لە ئازادییە رۆژنامەڤانییەکان هاوکات ئەندامی دامەزراوەی شەمسە بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، بە رووداوی راگەیاند، "دامەزراوەکە نزیکەی 1,110 پێشێلکاریی هەڵبژاردنی لە ماوەی بانگەشەدا تۆمار کردووە."
کورسیی بازنەکانی هەرێمی کوردستان
هەولێر: 15 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
سلێمانی: 18 کورسی
دهۆک: 11 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا