وەزیری ناوخۆ: بانگەشە ئارامە و لایەنەکان پابەندی رێنماییەکانن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر بە ئارامی و رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت و سوپاسی لایەنەکانی کرد بۆ پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "خۆشبەختانە هەڵمەتی هەڵبژاردن زۆر بە ئارامی و رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت. سوپاسی هەموو لایەنەکان دەکەین کە پابەندی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن و لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنن لە هەرێمی کوردستان، کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئەندامن تێیدا."
 
رۆژی 8ـی 11ـی 2025 بانگەشەی هەڵبژاردن دەوەستێت، 9ـی 11ـی 2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت، هەولێر و بەغدا پێکەوە و بە هاوبەشی ئاسایشی هەڵبژاردنەکە دەپارێزن و رێککەوتوون، لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ رێککەوتوون لەسەر وردەکارییەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
 
وەزیری ناوخۆ لەوبارەوە رایگەیاند: "لە چەندین کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەکدا، چ لە وەزارەتی ناوخۆ یان لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنیی حکومەتی فیدراڵی، هەموو هەماهەنگی و پلانی پێویست داڕێژراون".
 
ساڵێک لەمەوبەر هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرد، هەڵبژاردنەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەی برد، وەزیری ناوخۆ هیوادەخوازێت ئەو هەڵبژاردنەش رێکوپێکی بەڕێوە بچێت و دەڵێ: "لەلایەن دامەزراوە خۆجێییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، هەروەها دامەزراوەکانی ئارامی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان، ئەزموونێکی باشیان بەدەستهێناوە کە رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر هەڵبژاردنەکانی رابردوو، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵێک پێش ئێستا کرا.''
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ئەو بەربژێرانەی بەهۆی سەرپێچی و پێشێلکردنی رێنوێنی و یاساکانی کۆمیسیۆنەوە سزا دراون، گەیشتووەتە 580 بەربژێر.
 
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد. شەممەی داهاتوو 08-11-2025، بانگەشە کۆتایی دێت. لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان دوای پێنج هەفتە بانگەشە، دەکەونە نێو رکابەریی کۆکردنەوەی دەنگ لە دەنگدانی گشتی و تایبەتدا. دەنگدانی تایبەت لە 09-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 بەڕێوە دەچێت.