مەلا عەلی کەڵەک: ژمارەیەکی زۆر جنە شەیتانەكان هاتوونەتە سەر سلێمانی

رووداو-كەڵەك

مەلا عەلی كەڵەك لە ئاگادارییەكدا هۆشداری دەدات، کە ژمارەیەكی زۆر لە شەیتان و جنەكان دابەزیوەنەتە سەر خاكی كوردستان "بەتایبەتی هاتوونەتە سەر سلێمانی و دەوروبەری، ئاگاداری خۆتان بن لە خۆكوشتن و خەڵك كوشتن و زیناكردن".

مەلا عەلی كەڵەك دەڵێت "پێش 5 رۆژ هەمووتانم ئاگاداركردەوە، كە لە عێراق و كوردستان، بە تایبەتی سلێمانی و دەورووبەری، خراپە و كوشتن و كێشە زۆر روودەدات، بەڵام گاڵتەتان پێكردم و بە درۆزنتان زانیم، هێشتا شتی دیكە روودەدات ئەگەر بە ئیزنی خودا تۆبە نەكەین".

مەلا عەلی كەڵەك بۆیە جارێكی دیكە خەڵك ئاگادار دەكاتەوەو دەڵێت "ئاگادارییەكی بە پەلە بۆ خەڵكی كوردستان بە تایبەتی شاری سلێمانی خۆشەویست، ئێمەی بەندە 19 ساڵە چارەسەری هەموو نەخۆشییەكان دەكەین، بە تایبەتی نەخۆشی جنۆكەداری، لەسەر زاری نەخۆشەكان كە لە لەشیانە، جنۆكەكان هەواڵمان پێ دەدەن، كە شەیاتین و جنۆكەیەكی زۆر دابەزیوەتە سەر خاكی عێراق و كوردستان، بە تایبەتی شاری سلێمانی، دەبێ ئاگاداری خۆتان بن، رێگەی خوا بگرن هەر خراپەیەك هات بەناو دڵتان وەك خۆكوشتن و خەڵك كوشتن و زیناكردن، خۆتان بە دوور بگرن، ئەگەر بە گوێمان نەكەن خۆتان بەرپرسن، چونكە شەیتانێكی زۆر دابەزیوە".

زۆر كەس باوڕ بەوە ناكەن، هاوونیشتیمانییەك دەڵێت "ئەوە غەیبەو پێغەمبەریش دروودی خودای لەسەر بێت غەیبی نەدەزانی، ئەو قسەیەی مەلا عەلی راست نییە"، بەڵام مەلا عەلی كەڵەك دەڵێت "ئەوە غەیبیات نییەو ئەمە زانستە".

لە ئیسلامدا هاتووە جگە لە جیهانی مرۆڤ، جیهانی جنۆكەو فریشتەكان هەیە، لەسەر كاریگەری جنەكان لە سەر مرۆڤ، شارەزایانی ئایینی ئیسلام رای جیاوازیان هەیە، بەرای هەندێكیان جنەكان هیچ دەستەڵاتێكیان بەرامبەر بە مرۆڤ نییەو تەنیا لە رێگەی وەسوەسەوە كاریگەریان هەیە.

عەلی مەحمود حەسەن، ناسراو بە مەلا عەلی كەڵەك، پەیمانگەی ئیسلامی لە هەولێر تەواوكردووە، مۆڵەتی لە حكومەت عێراقی وەرگرتووە بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەیەك لە تەنیشت ماڵی خۆیان لە ناحیەی كەڵەك، ئەو بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكات، كە جن هۆكاری زۆر نەخۆشییە بۆ مرۆڤ، ئەو لە توانایدا هەیە "ئەو نەخۆشانە چاك بكەمەوە".