وەزیرێکی کورد بڕیارێکی راکان جبووری لەبارەی نۆ فەرمانگەی کەرکووک هەڵدەوەشێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، نۆ بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای کەرکووک کە لەسەر میلاکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەن خرانە سەر دیوانی پارێزگا و راکان جبووری وەک وەزیر کارەکانیان رایی دەکات، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەی و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق هەڵدەوشێندرێتەوە. 
 
راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رۆژی 19-11-2023، فەرمانی کارگێڕیی ژمارە (61)ی 2023 دەرکرد، کە تێیدا هاتووە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و جێبەجێکردنی بڕیاری دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان ژمارە 31ی 2023 و کارکردن بە مادەی 45ی یاسای پارێزگاکانی گرێنەدراو بە هەرێمەکان، ژمارە 31ی 2008 هەموار کراو بڕیاریانداوە:
 
یەکەم: ئەم فەرمانگانەی خوارەوە، دەبنە فەرمانگەی خۆجێی و گرێدراو دەبن بە دیوانی پارێزگا، پارێزگار وەک وەزیر دەبێت بۆ راییکردنی کاروباری کارگێڕیی، یاسایی، تەکنیکی و دارایی:
 
1- بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی کەرکووک
2- بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی کەرکووک
3- بەڕێوەبەرایەتیی رێگا و پردەکانی کەرکووک
4- بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەرکووک 
5- بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی کەرکووک 
6- فەرمانگەی نیشتەجێبوونی کەرکووک 
7- بەڕێوەبەرایەتیی پلانی شارنشینی کەرکووک 
8- فەرمانگەی باڵەخانەکانی کەرکووک
9- بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان و بەدواداچوون/ کەرکووک
 
دووەم: ئەم فەرمانگانەی سەرەوە، رێکارەکانی گواستنەوەی میلاکی وەزیفیان لە وەزارتەوە بۆ دیوانی پارێزگا تەواو دەکەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی بەڕێوەبردنی سەرچاوەی مرۆیی لە دیوانی پارێزگا.
 
سێیەم: ئەم فەرمانگانە هەموو بڕیارەکانی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان بە وردی جێبەجێ دەکەن کە هاوپێچ کراون.
 
لەوبارەوە، عەدنان شوکر، گوتەبێژی شارەوانیی کەرکووک، رۆژی پێنجشەممە 30-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نووسراوەکەی راکان جبووریمان بەدەستگەیشتووە، بەڵام لە بەرامبەردا نووسراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراقمان بەدەستگەیشتووە کە ئەو بڕیارە هەڵدەوشێنێتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە بڕیاری دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاکان، پارێزگای کەرکووک ناگرێتەوە".
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 20-11-2023، مەتین جادرچی، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق نووسراوی بۆ ئەو نۆ بەڕێوەبەرایەتییەی کەرکووک کردووە و دەڵێت، "بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان رایسپاردوون، کەرکووک بڕیاری ژمارە 31ی 2023ی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی پارێزگاکان نایگرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانتان ناوەندین و بە وەزارەتەوە گرێدراون بۆ کاروباری (کارگێڕیی، دارایی، یاسایی و تەکنیکی)". 
 
 لە نووسراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە "بە وردیی کاری پێ بکەن و پێوەی پابەند بن" .