ئەمشەو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ژووری بازرگانیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی ژووری بازرگانیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و لێپرسراوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی سلێمانی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ژووری بازرگانی دەکرێت و سەرۆک و جێگرەکان هەڵدەبژێردرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-11-2023، لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی 46 ئەندامی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە تاوەکو کاژێر 17:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت.
عەتا محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان و لێپرسراوی لیژنەی هەڵبژاردنی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکەوە رایگەیاند، ''ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی یاسایی و بەپێی یاسایەکی تایبەت بە ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان رێکخراوە و تائێستا بە باشی بەڕێوەچووە.''
بۆ بەدەستهێنانی 13 کورسی لە سلێمانی، 26 کەس خۆیان بەربژێر کردووە، بەگوتەی عەتا محەممەد، لەم پارێزگایە نۆ هەزار و 617 کەس مافی دەنگدانی هەیە.
وەک ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی، دەنگدان بە شێوەی دەستی دەبێت، بەڵام ناسینەوە و ریزبەندیکردن بە شێوەی ئەلیکترۆنییە، ''واتا هەر کەسێک بارکۆدەکەی بۆ دەنگدان بەکارهێنا، بۆی نییە جارێکی دیکە بێتە ژوورەوە و دەنگ بدات، چونکە ناوەکەی یەکسەر لە سیستمدا بلۆک دەکرێت.''
عەتا محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، نیو کاژێر دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکە (17:30)، راستەوخۆ دەست بە جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان دەکرێت و هەر ئەمشەو ئەنجامی سەرەتایی پڕۆسەکەش رادەگەیێنرێت.
لێپرسراوی لیژنەی هەڵبژاردنی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ''هەفتەیەک دوای هەڵبژاردن، ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێندرێت و پاشان کۆبوونەوەی ژوورە بازرگانییەکە دەکرێت، لە کۆبوونەوەکەشدا سەرۆک و جێگرەکان هەڵدەبژێردرێن.''
دوای 17 ساڵ، بۆ یەکەمجار ژووری بازرگانیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن دەکات، دوایین هەڵبژاردنی ژوورە بازرگانییەکە لە 16-4-2006 کراوە.
لە هەڵبژاردنەکاندا 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی لە پارێزگای هەولێر، 13 لە سلێمانی، 11 لە دهۆک و 9 ئەندامیش لە پارێزگای هەڵەبجە هەڵبژێردرێن، بەگشتی 29 هەزار و 684 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.