وەزارەتی کارەبا: لە 24 کاژێردا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبا دەڵێ، لە 24 کاژێری داهاتوودا دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە. بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت، "ئەمڕۆ بەرهەمهێنانی گاز دەگاتەوە ئاستی پێش هێرشەکە."

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەست بە گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کرا و وێستگەکانی کارەبا بەگەڕدەخرێنەوە. ئێستا دۆخی کارەبا روو لە باشبوونە و لە 24 کاژێردا دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی دەبێتەوە."

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بەرهەمهێنانی گاز دەگاتەوە ئاستی پێش هێرشەکە و دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە."

شەوی چوارشەممە 26ی مانگی 11، نزیک کاژێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی 80% کەمیکرد.

لەدوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی پێنج کاژێر کەم بووەوە.

ئەو کێڵگەیەی هێرشی کراوەتەسەر، ناوەندی سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە، هاوکات سەرچاوەی دابینکردنی گازی شل(LPG)ـە بۆ ماڵان.