نەوت و کانزاکانی هەولێر: 70%ـی دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری هەولێر بەردەوامە و 70%ـی دانیشتووانی ئەو ناوچانە نەوتیان وەرگرتووە، بۆ دابەشکردنی نەوتیش لە سەنتەری شاری هەولێر دەڵێت پێویستیان بە 45 ملیۆن لیتر نەوتە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا رایگەیاند: "لەدوای بڕیاری حکومەت بۆ دابەشکردنی نەوتی ماڵان، بەگوێرەی پلانی وەزارەت پرۆسەکە بە سێ قۆناخ دەستیپێکردووە؛ قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکان بووە کە تاوەکو ئێستا 70%ـی دانیشتووانی ئەو ناوچانە نەوتیان وەرگرتووە."
سەبارەت بە قۆناخی دووەم کە ناوچەکانی دەوروبەری سەنتەری شارەکان دەگرێتەوە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاشکرای کرد، ئێستا 55%ـی هاونیشتمانییان نەوتیان وەرگرتووە.
بەگوتەی ئاری کاکەشین، بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر نزیکەی 185 هەزار خێزان لە ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری هەولێر، پێویستیان بە 37 ملیۆن لیتر نەوت هەیە و "تاوەکو ئێستاش 26 ملیۆن لیتر بەسەر 130 هەزار خێزاندا دابەشکراوە."
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر، ئاری کاکەشین روونیکردەوە، دوای تەواوبوونی دابەشکردن لە ناوچەکانی دەوروبەر و شاخاوییەکان، نۆرە دەگاتە سەنتەری شار و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەکەن. گوتیشی: "بۆ سەنتەری شاری هەولێر پێویستمان بە 45 ملیۆن لیتر نەوتە بۆ نزیکەی 225 هەزار خێزان."
لەبارەی کوالێتی نەوتەکەشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو نەوتەی بۆیان دێت، رۆژانە لە کۆگەکانی سووتەمەنی هەولێر پشکنینیان بۆ دەکرێت و پاشان دابەشدەکرێت، کە توانای کۆگەکردنی 40 ملیۆن لیتر سووتەمەنییان هەیە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان کە هیچ گرفتێک لە دابینکردنی گازی شلی ماڵان (LPG) نییە و گوتی: "پارێزگای هەولێر رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 400 تەن گاز هەیە، ئێستا لەرێگەی بریکارەکانەوە رۆژانە 300 بۆ 350 تەن دابەش دەکرێت." جەختیشی کردەوە کە کۆگەکانی گازی کارگە ئەهلییەکان، توانای کۆگەکردنی بڕێکی زۆر گازی شلیان هەیە کە دەتوانێت پێداویستی مانگێکی شارەکە دابین بکات.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری و گلەیی هاونیشتمانییان لە کوالێتییەکەی، ئاری کاکەشین رایگەیاند، پڕۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت و لیژنەکانیان رۆژانە سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و نموونە بۆ پشکنین وەردەگرن، بۆیە "چاودێرییەکی ورد لەسەر کوالێتییەکەی هەیە."