دادگاییکردنی ئارام قادر بۆ ساڵی داهاتوو دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم، دانیشتنی دادگاییکردنی سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە سلێمانی دواخرا. پارێزەرەکەی دەڵێ: "ئاسایش گوتیان نەخۆشە".
ئارام قادر لە 12ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستگیرکرا. بڕیاربوو 04-11-2025 ببرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی، بەڵام "دژەتیرۆر ئارام قادریان نەبردە دادگە و دانیشتنەکە دواخرا" بۆ ئەمڕۆ، ئەمڕۆش جارێکی دیکە دواخراوە.
بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە بڕیاری دادوەر دانیشتنەکە دواخرا بۆ 13-01-2026".
پارێزەری ئارام قادر گوتی: "بەگوێرەی راپۆرتی ئاسایش بۆ دادوەر، گوتیان ئارام قادر نەخۆشە و نەیتوانیوە بێتە دادگە".
ئەحمەد، کوڕە گەورەی ئارام قادر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەند جارێک سەردانی باوکیان کردووە لە زینداندا، بەڵام "جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکەین."
ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشایەوە.
پارێزەرەکەی دەڵێ: "تاوەکو ئەمڕۆ رێگە نەدراوە ئارام قادر ببینم".
بەکر حەمەسدیق گوتی، "ئارام قادر بە مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە، کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی."
بە گوتەی پارێزەرەکەی، ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر ئارام قادردا ساخبێتەوە، بەگوێرەی مادەکە لە 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت.
لەبارەی تۆمەتەکەوە، کوڕەکەی ئارام قادر گوتی: "باوکم پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە. بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە، باوکم پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەوە یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە."
رۆژی 08-10-2025 دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە سەردانی ئارام قادر بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
دەستەکە رایگەیاند، "لە 9-9-2025 نووسراومان ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریمان بکرێ. هەروەها چەندین جار داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بە ئەندامێکی دەستە بدەن، سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵی لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە.