وەزارەتی بازرگانی: ئەو کەسانەی فۆرمی بەشەخۆراکیان نییە، دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکەیانەوە ببنە خاوەن فۆرم
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئامار، زیاتر لە 294 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕاوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، جارێکی دیکە تۆمارکردنی ناو دەکرێتەوە و ئەوانەشی تازە خێزانیان پێکهێناوە، دەتوانن ببنە خاوەن فۆرمی خۆیان، بەڵام هەموو گۆڕانکارییەکان لەبەرامبەر پارەدا دەبێ.
لە 05-03-2023ـەوە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ، هەروەها هەموو ئەو خێزانە نوێیانەی دروستبوون، نەیانتوانیوە ببنە خاوەن فۆرمی خۆراکی تایبەت بە خۆیان بۆ بەشەخۆراکی مانگانە. هاوکات گواستنەوەی فۆرم و زیادکردنی ناوی منداڵ تاوەکو ئەمڕۆ کارا نەبووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکارەکان لە کۆتاییدان و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەوانەی خێزانیان پێکهێناوە لە رێگەی مۆبایلەکەی خۆیانەوە دەتوانن ببنە خاوەن فۆرمی خۆراک".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەر خێزانێکی نوێ لەکاتی دەرهێنانی فۆرمی خۆراکدا پێویستی بە هەبوونی فۆرمی خۆراکی خێزانی باوکی ژنەکە و باوکی پیاوەکە دەبێت.
لەبارەی گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "لەگەڵ کارابوونی ئەپلیکەیشنی ئەلیکترۆنی، زیادکردنی منداڵ و گواستنەوەی فۆرمیش بە ئۆنلاین دەستپێدەکات".
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، "لەمەودوا بۆ زیادکردنی منداڵ، گواستنەوەی فۆرم، دروستکردنی فۆرمی نوێ یان هەر گۆڕانێك لە فۆرمی خۆراک بە پارە دەبێ بە ڤیزە کارت و بۆ یەک کەس لەنێوان پێنج بۆ شەش هەزار دینار دەبێ".
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات، جارێکی دیکە 10-11-2025 فۆرمەکە بۆ 10 رۆژ بێبەرامبەر کارا کرایەوە و دواتر داخرایەوە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ کۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان 93.91%ـی هاونیشتمانیان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکدا خۆیان تۆمارکردووە کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە: هەولێر 94.14%ـی دانیشتووان، سلێمانی 93.68%، دهۆک 93.67% و لە هەڵەبجەش 96.80ـی دانیشتووانەکەی خۆیان تۆمار کردووە.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.