بڕیارە ئەمڕۆ ئارام قادر دادگایی بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 6 مانگ لە دەستگیرکردنی، بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە سلێمانی ببرێتە بەردەم دادوەر.
 
ئارام قادر لە 12ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستگیر کرا. بە گوتەی پارێزەر و کەسوکارەکەی بۆ رووداو، دەبوو رۆژی 04-11-2025 ببرێتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی، بەڵام "دژە تیرۆر ئارام قادریان نەبردە دادگە و دانیشتنەکە دواخرا."
 
ئەحمەد، کوڕە گەورەی ئارام قادر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی بڕیاری پێشووی دادگەی سلێمانی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە باوکم ببرێتە بەردەوام دادوەر."
 
ئەحمەد ئارام قادر دەڵێ، لەکاتی سەردانی باوکیدا "جگە لە هەواڵپرسین، رێگە نەدراوە بە هیچ شێوەیەک باسی کەیسەکەی بکەین."
 
ئارام قادر پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پۆستی هەبووە، دواتر بووە سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، تاوەکو ئۆکتۆبەری پار دەستی لەکارکێشایەوە.
 
رۆژی 4ی ئەم مانگە، بەکر حەمەسدیق، پارێزەری ئارام قادر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاک ئارام لای دژەتیرۆر زیندانییە و ئەمڕۆ ئەو هێزە ئامادە نەبوون بیهێننە دادگەی سلێمانی، بۆیە دادوەر بڕیاری دا دانیشتنەکە دوابخات."
 
ئەو پارێزەرە گوتی، "ئەمڕۆ و رابردووش رێگە نەدراوە ئارام قادر ببینم. ئەمڕۆ لە دادگاوە پەیوەندی بە دژەتیرۆرەوە کرا، بەڵام وەڵامی دادگاشیان نەدایەوە".
 
بەکر حەمەسدیق گوتی، "ئارام قادر بە مادەی 01 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 تۆمەتبار کراوە، کە تایبەتە بە کاری سیخوڕی."
 
بە گوتەی پارێزەرەکەی، ئەگەر تۆمەتەکە بەسەر ئارام قادردا ساخبێتەوە، بەگوێرەی مادەکە لە 5 بۆ 15 ساڵ زیندانی دەکرێت.
 
لەبارەی تۆمەتەکەوە، کوڕەکەی ئارام قادر گوتی: "باوکم پۆستی هەستیاری هەبووە، لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا بەرپرسی رێکخستن بووە، لە کۆمەڵی دادگەری بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە، خۆی سەرۆکی هاوپەیمانی بووە. بەهۆی پۆست و ئەرکە سیاسییەکانییەوە، باوکم پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبووە، لەنێویاندا تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو. ئەوە یەکێتی و حکومەتیش زانیویانە، چونکە شاراوە نەبووە."
 
رۆژی 08-10-2025 دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، چەندین جار هەوڵیانداوە سەردانی ئارام قادر بکەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
 
دەستەکە رایگەیاند، "لە 9-9-2025 نووسراومان ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریمان بکرێ. هەروەها چەندین جار داوامان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگە بە ئەندامێکی دەستە بدەن، سەردانی بکات بۆ ئاگادار بوون لە رەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵی لەڕووی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگە نەدراوە.