پۆلیسی کەرکووک بۆ رووداو: هەر کەسێک دەموچاوی داپۆشێت وەک دوژمن سەیری دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی پارێزگای کەرکووک داپۆشینی دەموچاو قەدەخەدەکات و دەڵێت، ئەوەی دەموچاوی داپۆشێت وەک "دووژمن" سەیری دەکەن. 
 
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، رۆژی شەممە 30-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا کە پۆلیسێک شەهید بوو، هێرشبەرەکان دەمولوتیان داپۆشیبوو، ئەوەش وایکرد لە کامێراکانی چاودێری دەموچاویان دەرنەکەوێت، بۆیە پۆلیسی کەرکووک بە بڕیارێک داپۆشینی دەموچاوی قەدەخە کردووە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "لەمەودوا ئەوەی دەموچاوی داپۆشێت، وەک دووژمن سەیری دەکەین". بەڵام گوتیشی، بڕیارەکە نەخۆش، بەتەمەن، ئافرەتەکانی رووبەند ناگرێتەوە؛ بەڵام ئەوانەی گەنجن و دەموچاویان دادەپۆشن قبوڵکراو نییە."
 
موقەدەم عامر نووری دەڵێت، "رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممە تیرۆریستییە، ئەوانەی گومانیان لەسەرە لەژێر چاودێرین، پشتبەخودا لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەرانی دەستگیردەکرێن".
 
بە گوتەی پۆلیسی کەرکووک ئەم ساڵ، ئەمە سێیەمین رووداوی لەم شێوەیە کە ئەنجامدەرانیان دەموچاویان داپۆشیوە، یەکێکیان لە بازاڕی پەنجا عەلی، دووەم لە رێگەی حەولییەکە، ئەوەی رۆژی پێنجشەممە کە بەگشتی لەو  سێ هێرشەدا، "ئەفسەرێک و سێ پۆلیس شەهید بوون".
 
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023، لە کەرکووک پۆلیسێکی چالاکییە مەدەنییەکان کوژرا؛ بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی دەست رووداو کەوتووە، دوو چەکدار دەچنە پشت سەری دوو پۆلیس و تەقەیەیان لێدەکەن و هەڵدێن. 
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، دوو چەکداری داعش چاودێریی دوو پۆلیسەکەیان کردووە و کاتێک بۆ شت کڕین چوونەتە بازاڕ تەقەیان لە هەردوو پۆلیسەکە کردووە و بووەتە هۆی کوژرانی یەکێکیان، لە رووداوەکە ژنێکیش بریندار بوو. 
 
موقەدەم عامر نووری پێیوایە، هێرشەکەی پێنجشەممە کاردانەوەیە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو دادگا سزای لە سێدارەدانی بەسەر دوو ئەنجامدەرانی هێرشەکەی پەنجا عەلی سەپاند، کە تەقەیان لە پۆلیسێک کرد و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.