زانیاریی نوێ لەبارەی دەنگە گەورەکەی هەولێر

رووداو دیجیتاڵ 

درۆنێک لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر، کەوتە خوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو درۆنەکە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە پێکراوە و خراوەتە خوارەوە. 

 

مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لە شوێنی رووداوەکەوە چەند شایەتحاڵێکی دواند و گوتیان، "هیچ ئاسەوارێک لە تەقینەوەکە دیارنییە، بەڵام دەنگەکە زۆر بەهێز بوو و شووشەی دەرگەی چەند دووکانێکی شکاندووە و جامی چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان پێگەیشتووە." 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو درۆنەکە لە باکووری هەولێرەوە پێکراوە و دواتر بەردەوام بووە لە فڕین و لە گەڕەکی قەڵای نوێ کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر،  کەوتووەتە خوارەوە.
 
موختاری گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر بە رووداوی گوت، ئاسەواری تێکشاندنی درۆن لە هیچ شوێنێک نەدۆزراوەتەوە تەنیا دەنگ بووە و زیانەکانیش بەهۆی دەنگەکەوە بوون کە زۆر بەهێزبووە. 
 
شایەتحاڵێکی دیکە باسی ساتی بیستنی دەنگەکە دەکات و دەڵێت، لەناکاو گوێیان لە دەنگێکی گەورە بووە، لەدوای ئەوەی شووشەکانی شکاند "چاوەڕێ بووین ساچمە و پارچە بێنەخوارەوە، بەڵام تەنیا دەنگ بوو، بەهۆیەوە پاسێک کە لە گۆڕەپانی مزگەوتەکە بوو، چوار جامی شکاوە."