لە سنە رێگەی 400 گوند داخراوە و کارەبای 300 گوندیش بڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەی 400 گوند لە پارێزگاکە داخراوە، کارەبای 300 گوندیش بڕاوە. قایمقامی سنەش دەڵێت، تەواوی رێگەکانی بەرەو شاری سنە داخراون.
لیژنەی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای سنە، شەوی دووشەممە بە سەرپرشتیی ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی رێگەوبان و کارەبای گوندەکانی پارێزگاکە دوای بەفربارینی ئەم دواییە کۆبووەوە.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، بەهۆی بەفر و کڕێوەوە رێگەی 400 گوند لە تەواوی پارێزگاکە داخراوە، نزیکەی 300 گوند کارەبایان بڕاوە و 91 گوندی دیکەش رووبەڕووی بڕانی تۆڕی تەلەفۆن و ئەنتەرنێت بوونەتەوە.
بە گوتەی پارێزگاری سنە، تیمەکانی رێگەوبان بە هەموو توانایانەوە خەریکی کردنەوەی رێگەکانن و دوای کردنەوەی رێگە سەرەکییەکان، دەست بە راماڵینی بەفر و کردنەوەی رێگەی گوندەکان دەکەن.
ئارەش لهۆنی دۆخی پارێزگای سنەی بە قەیراناوی ناو برد و گوتی، کاری سەرەکی و لە پێشینەی تیمەکانی رێگەوبان و فریاکەوتن رزگارکردنی ئەو کەسانەیە کە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە لە رێگەکان گیریان خواردووە.
گوتیشی، دوای کردنەوەی رێگەی گوندەکان، پێویستە کێشەی کارەبای گوندەکان چارەسەر بکرێت و دواتر لە هۆکارەکانی روودانی کێشەکە بکۆڵرێتەوە.
پارێزگاری سنە روونیکردەوە، هێزەکانی سوپا لە رێگەی نێوان سەقز-تیکاب یارمەتیی خەڵکیان داوە کە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە لە رێگەکە گیریان خواردبوو.
لهۆنی داوای لە کەرتی تایبەتیش کرد، بۆ تێپەراندنی دۆخەکە یارمەتیی دامودەزگە حکومییەکانی پارێزگاکە بدەن. جەختیشی کردەوە، ئەگەر پێویست بکات داوای هاوکاری لە پارێزگاکانی دیکە دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە سەجاد غەریب، قایمقامی شاری سنە رایگەیاند، تەواوی رێگەکانی بەرەو شاری سنە داخراون.
سەجاد غەریب هەروەها گوتی، رێگەی سەڵەوات ئاوا-دێولان، سنە-کامێران، مەریوان-سنە، باقرئاوا-حوسێن ئاوا داخراوە.
لە رۆژی شەممەوە بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەپێی کەشناسیی ئێران، کەشەکە تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێت.