رێبوار کەریم: تەنیا نۆ دەنگم ماوە بۆ بوون بە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و ناکشێمەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێبوار کەریم، بەربژێر بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت و جەخت دەکاتەوە کە "بەهیچ شێوەیەک لە کێبڕکێکە ناکشێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنیا 9 دەنگی ماوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان."
رێبوار کەریم، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، بارودۆخی نێو پەرلەمان ئاساییە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو دەنگانەی پێویستییەتی گوتی: "پێویستە هەر بەربژێرێک 166 دەنگ (زۆرینەی رەها) بەدەستبهێنێت، ئێمە تەنیا 9 دەنگمان ماوە بۆ گەیشتن بەو ژمارەیە، ئەوەش ژمارەیەکی زۆر نییە و لە هەوڵداین بۆ بەدەستهێنانی."
"پەیوەندیی دۆستانە و رێککەوتنی سیاسی"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی سەرچاوەی دەنگەکانی کام لایەنن؟ رێبوار کەریم ئاماژەی بەوە کرد، "پشت بە پەیوەندییە دۆستانەکانی خۆی لەگەڵ پەرلەمانتاران دەبەستێت کە مێژووەکەی بۆ خولەکانی پێشووی پەرلەمان دەگەڕێتەوە."
ئەو بەربژێرە گوتی: "سەرووی 200 ئەندامی پەرلەمان دۆستی ئێمەن، بەشێکیان لە خولی چوارەم و پێنجەم پەرلەمانتار بوون و ئێستاش ماونەتەوە، ئێمە روئیای خۆمان بۆ روونکردوونەتەوە و ئەوانیش لە ئەنجامی ناسینی ئەزموونی رابردوومان دەنگیان پێداوین."
دەنگەکانی لایەنە کوردییەکان
رێبوار کەریم روونیکردەوە کە ئەو وەک بەربژێری لایەنە کوردییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی (یەکگرتوو، کۆمەڵ و هەڵوێست) بەشداری پرۆسەکەی کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە "هەر کەسێک دەنگ بە من بدات، ئێمە پێمان خۆشە و سوپاسیان دەکەین."
دەنگۆی کشانەوە
سەبارەت بەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن کە بۆ دەرچوون لە "چەقبەستوویی سیاسی" داوا لە هەردوو بەربژێر ( رێبوار کەریم و شاخەوان عەبدوڵڵا) کرابێت بکشێنەوە، رێبوار کەریم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
گوتیشی: "ئێمە بۆ ئەوە بەشداریمان نەکردووە کە تەنیا جوانکاری بین بۆ پرۆسەکە و دوایی بەجێی بێڵین، مانەوەمان بڕیارێکی سیاسییە و تاوەکو ئەم ساتەش بڕیارمان ئەوەیە بەردەوام بین".
لە کۆتایی قسەکانیدا و لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر لە گەڕی سێیەمیش دەنگەکان یەکلایی نەبووەوە چی روودەدات، رێبوار کەریم گوتی: "تا هێزمان تیایە بەردەوام دەبین".
بڕیارە کاژێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەنێوان د. شاخەوان عەبدوڵڵا لە فراکسیۆنی پارتی و د. رێبوار کەریم وەک بەربژێری سەربەخۆ و ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەبچێت.