عەلی حەمەساڵح بۆ رووداو: بەربژێرمان دەبێت بۆ سەرۆککۆمار
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی ئەوە دەکەن بەربژێریان هەبێ بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بەشداری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کرد کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، لەبارەی رکابەرییەکانی رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری رەوتەکە لەگەڵ بەربژێرانی دیکە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "یەکەمجارە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بچێتە کێبڕکێیەکی جیدییەوە و لە چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو هاوئاهەنگیمان کردبوو بۆ بەربژێرکردنی د. رێبوار کەریم."
عەلی حەمە ساڵح رەتی دەکاتەوە، هیچ رێککەوتنێکی سیاسی و نهێنی لەگەڵ هیچ لایەنێک کرابێ و دەڵێت: "ئێمە داوای دەنگمان لە هەموو لایەنەکان کرد بۆ بەربژێرەکەمان، ئەگەرچی گوشاری زۆرمان لێکرا بۆ کشانەوەمان لە کێبڕکێیەکە بەڵام هەر بەردەوام بووین.''
گوتەکانی لەبارەی دەنگدانی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەربژێری رەوتی هەڵوێست لە بەرامبەر بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "یەکێتی خۆیان پەیوەندییان پێوەکردین و باسیان لەوە کرد دەنگ بە بەربژێرەکەی ئێمە دەدەن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئەوەش پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەبوو نەک رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ یەکێتی، بەڵام دوای 24 کاژێر یەکێتی بڕیار و بۆچوونی خۆی گۆڕی و لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنەکە دەنگیان بە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان دا بۆیە پۆستەکەیان بردەوە."
لەبارەی هەڵوێستی یەکێتیش، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت: "یەکێتی هی ئەوە نییە هیچ کەس بەرگریی لێ بکات و خۆی بەرگریی لە خۆی ناکات، بافڵ تاڵەبانی یەکەم کەس بوو کە پیرۆزبایی لە فەرهاد ئەترووشی، بەربژێری سەرکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
پۆستی سەرۆککۆمار و بەشداریی حکومەت
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست باسی لەوەکرد، ئێستا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و نەوەی نوێ لە هاوئاهەنگیدان بۆ گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی هاوبەش لەبارەی دەستنیشانکردنی بەربژێرێک لەنێو خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. گفتوگۆش دەکەن لەگەڵ لایەنەکان و ئامادەن بەشداریی حکومەتی عێراق بکەن، بەڵام بەهیچ جۆرێک رەوتەکەیان بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.
عەلی حەمەساڵح دەڵێت: "مەرج نییە تەنیا پارتی و یەکێتی بەربژێریان هەبێت بۆ وەرگرتنی پۆستەکان لە بەغدا و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەش مافی خۆیانە بەشێوەی دیموکراسی بچنە کێبڕکێ و ململانێکانەوە."
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا لەگەڵ کۆمەڵ، یەکگرتوو و نەوەی نوێ بڕیاری کۆتایمان لەبارەی بوونی بەربژێر بۆ سەرۆککۆمار نەداوە، بەڵام وەکو رەوتی هەڵوێست بەلامانەوە ئاساییە بەربژێری سەرۆککۆمار لە درەوەی رەوتەکەشمان بێت و لە یەکێک لەو لایەنانە بێت کە هاوئاهەنگیمان لەگەڵیان هەیە و پاڵپشتی دەکەین."
قسەکانی عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەکاتێکدایە لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە هەڵبژاردنی جێگری دووەم کە پشکی کورد بوو، دوو گەڕی پڕۆسەی دەنگدان بۆ دیاریکردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، شاخەوان عەبدوڵڵا و رێبوار کەریم بەربژێربوون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام لە دوو گەڕی دەنگداندا هیچکامیان نەیانتوانی ژمارەی پێویستی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
لە گەڕی سێیەمدا کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، فەرهاد ئەترووشی رکابەرییەکەی لە رێبوار کەریم بردەوە و بووە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.